لاهور شێخ جەنگی له‌باره‌ی پیرۆزباییه‌كه‌ی له‌ پارتی رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

02:32 - 08/11/2022

28113جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

نوسینگه‌ی لاهور شێخ جەنگی رایگه‌یاند، بۆچونی لاهور شێخ جەنگی وایە کە سیاسەت لەسەر بنەمای رقی شەخسی ناکرێت، بەتایبەت لەکاتێکی وەک ئێستادا کە بەشێک لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی زەنگی دو ئیدارەیی لێدەدەن، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی پارتی كردوه‌.

نوسینگه‌ی لاهور شێخ جەنگی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، "لاهور شێخ جەنگی لەسەر بنەمایی پاراستنی ئاشتی و یەکریزی سیاسی پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، بۆچونی لاهور شێخ جەنگی وایە کە سیاسەت لەسەر بنەمای رقی شەخسی ناکرێت، بەتایبەت لەکاتێکی وەک ئێستادا کە بەشێک لە بەرپرسانی پارتی و یەکێتی زەنگی دوو ئیدارەیی لێدەدەن".

خراپی دۆخی کوردستان و گوزەرانی هاوڵاتیان بە گرژی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر دەبێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "خراپی دۆخی کوردستان و گوزەرانی هاوڵاتیان بە گرژی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر دەبێت، لەو سۆنگەیەوە و بەبۆنەی کۆتاییهاتنی کۆنگرەی 14ی پارتی لاهور شێخ جەنگی پەیامێکی ئاشتی ئاڕاستەی حزبەکە کرد".
کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان لەسەر بنەمایی ئاشتی و دور لە رقی شەخسی چارەسەر ببن
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "لاهور شێخ جەنگی لە رابردودا جەختی لەسەر ئەوەکردوەتەوە کە کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان لەسەر بنەمایی ئاشتی و دور لە رقی شەخسی چارەسەر ببن، ئەوەش دەقی پیرۆزبایی لاهور شێخ جەنگیە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان".

لاهور شێخ جەنگی له‌ په‌یامه‌ پیرۆزباییه‌كه‌یدا بۆ مه‌سرور بارزانی نوسیویه‌تی، "دەمەوێت پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەتان لێبکەم وە هەروەها لە ڕێگەی جەنابتەوە پیرۆزبایی لە کاک مەسعود بکەم بۆ هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردوستان، بە هیوای ئەوەی کە ئامانجەکانی کۆنگرە کۆتایهێنان بێت بە گرژی و ئاڵۆزیەکانی بەینی هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردوستان و دروستبونی یەکڕیزی ڕاستەقینە لە پێناو خزمەتکردنی گەل و نیشتیمان".