خەندان-
لە یەکەمین رۆژی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حزب هەڵبژێردرایەوە، هەروەها نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانیش بە جێگری دوەمی سەرۆکی پارتی هەڵبژێردران.
کۆنگرە مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی هەڵبژاردەوە
کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری دهۆک بەبەشداری 1020 ئەندام دەستیپێکرد، لەیەکەم هەنگاویشدا کۆنگرە مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی پارتی هەڵبژاردەوە.
نێچیرڤان بارزانی پێشنیاریکرد مەسرور بارزانی وەک جێگری دوەمی سەرۆک دیاریبکرێت
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دوای هەڵبژاردنەوەی پێشنیازی ئەوەی کرد نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە وەک جێگری سەرۆک هەڵببژێردرێتەوە، دواتریش نێچیرڤان بارزانی وتارێکی پێشکەش بە ئەندامانی کۆنگرە کرد و پێشنیازی ئەوەی کرد کە مەسرور بارزانی بکرێتە جێگری سەرۆکی پارتی.
ئەرک و دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەم و دوەمی سەرۆک دیاری دەکرێن
دانانی دو جێگر بۆ سەرۆکی پارتی یەکەمجارە لەناو حزبەدا روبدات، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە پەیڕەوی نوێی حزبەکەدا ئەرک و دەسەڵاتەکانی جێگری یەکەم و دوەمی سەرۆک دیاری بکرێن.
80 ئەندامیان بەناوی لیستی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی ئاشکرا کراون
کۆنگرەی 14ی پارتی کە بەبەشداری زیاتر لە 1000 ئەندام بەڕێوەدەچێت و تیایدا 180 ئەندامی کۆنگرە خۆیان بۆ سەرکردایەتی پارتی کاندید کردوە، لەو ژمارەیەش 80 ئەندامیان بەناوی لیستی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی ئاشکرا کراون، بۆیە بە بەشێک لەو کەسانە وتراوە کە خۆیان بۆ سەرکردایەتی کاندید کردوە، بکشێننەوە و لە شوێنی دیکەدا خزمەتی پارتی بکەن.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە 51 ئەندام پێکدێت
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە 51 ئەندام پێکدێت، هەروەها 9 کەسی دیکەش دەبنە ئەندامی یەدەگی سەرکردایەتی.
کۆتا رۆژی کۆنگرە ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن
ئەمڕۆ کۆنگرەی 14ی پارتی تەرخاکراوە بۆ وتاری دەستپێک و دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە بەسەر لیژنەکاندا، سبەی هەینییش گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ و راپۆرتی لیژنەکان دەکرێت، هەروەها رۆژی شەممە کە کۆتا رۆژی کۆنگرە دەبێت، ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن کە رێژەی 25%ـیان بۆ ژنان تەرخان دەکرێت.