خەندان-
کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری دهۆک بەبەشداری 1020 ئەندام دەستیپێکرد، لە کۆنگرەکەدا 51 ئەندامی نوێی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن و 12 ئەندامی ئێستای سەرکردایەتی حزبەکەش خۆیان هەڵنابژێرنەوە یان کۆچی دواییان کردوە، بۆیە بەرپرسانی ئەو حزبە دەڵێن، لانیکەم 20 ئەندامی نوێ بۆیەکەمجار دەچنە سەرکردایەتی پارتی.
شوێنی 12 ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکە راستەوخۆ بە ئەندامی نوێ پڕ دەکرێتەوە
بەگوێرەی زانیارییەکان کەریم شنگالی ئەندامی مەکتەبی سیاسی، عومەر عوسمان، نەزهەت حالی، عەبدوڵا ئاگرین و یونس رۆژبەیانی ئەندامانی سەرکردایەتی، خۆیان بۆ سەرکردایەتی کاندید ناکەنەوە، هەروەها پێنج ئەندامی سەرکردایەتی پارتیش کۆچی دواییان کردوە و یەکێکی دیکەشیان لە سەرکردایەتیدا نەماوە، بۆیە لەم کاتەدا شوێنی 12 ئەندامی سەرکردایەتی حزبەکە راستەوخۆ بە ئەندامی نوێ پڕ دەکرێتەوە.
80 ئەندامیان بەناوی لیستی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی ئاشکرا کراون
کۆنگرەی 14ی پارتی کە بەبەشداری زیاتر لە 1000 ئەندام بەڕێوەدەچێت و تیایدا 180 ئەندامی کۆنگرە خۆیان بۆ سەرکردایەتی پارتی کاندید کردوە، لەو ژمارەیەش 80 ئەندامیان بەناوی لیستی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی ئاشکرا کراون، بۆیە بە بەشێک لەو کەسانە وتراوە کە خۆیان بۆ سەرکردایەتی کاندید کردوە، بکشێننەوە و لە شوێنی دیکەدا خزمەتی پارتی بکەن.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە 51 ئەندام پێکدێت
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە 51 ئەندام پێکدێت، هەروەها 9 کەسی دیکەش دەبنە ئەندامی یەدەگی سەرکردایەتی.
کۆتا رۆژی کۆنگرە ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن
ئەمڕۆ کۆنگرەی 14ی پارتی تەرخاکراوە بۆ وتاری دەستپێک و دابەشکردنی ئەندامانی کۆنگرە بەسەر لیژنەکاندا، سبەی هەینییش گفتوگۆ لەسەر پەیڕەوی ناوخۆ و راپۆرتی لیژنەکان دەکرێت، هەروەها رۆژی شەممە کە کۆتا رۆژی کۆنگرە دەبێت، ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێن کە رێژەی 25%ـیان بۆ ژنان تەرخان دەکرێت.
مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی دەمێنێتەوە
هەرچەندە پێشتر باس لە سیناریۆی جیاواز دەکرا بۆ چۆنیەتی سەرۆكایەتی پارتی لەدوای کۆنگرەی 14ەوە، بەڵام سەركردەكانی ئەو حزبە بە میدیاکانیان راگەیاندوە، پارتی لەڕوی فكری سیاسی، فەلسەفەی سیاسی، مەرجەعیەت و سەركردایەتی پارتی گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، هەروەها ئاشکرایانکردوە کە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی دەمێنێتەوە، دانانی جێگریش بۆ سەرۆكی پارتی بۆ خۆی بەجێهێڵراوە.
پارتی لە ماوەی 76 ساڵی تەمەنیدا، 13 کۆنگرەی بەستوە بەمجۆرەی خوارەوە:
1- کۆنگرەی یەکەم: 16ی ئابی 1946، بە نھێنی لە شاری بەغداد، لە ماڵی (سەعید فەھیم) بەسترا، بە ئامادەبونی نزیکەی (70) نوێنەر.
2- کۆنگرەی دوەم: لە مانگی ئازاری ساڵی (1951) لە شاری بەغداد، ماڵی (عەلی حەمدی) بەسترا، بە ئامادەبونی نزیکەی (30) نوێنەری لق و ناوچەکانی پارتی.
3- کۆنگرەی سێیەم: 26 کانونی دوەمی 1953، لە شاری کەرکوک، بە ئامادەبونی نزیکەی (35–40) نوێنەر بەسترا.
4- کۆنگرەی چوارەم: لە رۆژی 4 تاکو7ی تشرینی یەکەمی 1959، لە شاری بەغداد، ماڵی (کاکە زیاد) بە سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.
5- کۆنگرەی پێنجەم: مانگی ئایاری ساڵی (1960)، لە بارەگای ئەوکاتی حزب لە شاری بەغداد، بەسترا.
6- کۆنگرەی شەشەم: لە سەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی (1964) لە شارۆچکەی قەلادزێی ناوەندی قەزای پشدەر بەسترا.
7- کۆنگرەی حەوتەم: 15ی تشرینی دوەمی 1966، لە گەڵاڵە بەسترا.
8- کۆنگرەی ھەشتەم: 1ی تەمموزی 1970، لە ناوپردان بە ئامادەبونی (488) نوێنەر بەسترا.
9. کۆنگرەی نۆیەم: 4ی تشرینی یەکەمی 1979، بەسترا و، تێیدا (مهسعود بارزانی) بەسەرۆک ههڵبژێردرا
10.کۆنگرەی دەیەم: 2 تاکو 12ی کانونی یەکەمی 1989، لە (مەرگەوەڕ) بە بەشداری (332) نوێنەر بەسترا.
11. کۆنگرەی یازدەیەم: 1993 لە ھەولێر، بە بەشداری (2117) نوێنەر بەسترا.
12. کۆنگرەی دوانزەیەم: 6 تاکو 14ی تشرینی یەکەمی 1999، لە ھەولێر، بە بەشداری (1473) نوێنەر بەسترا.
13.کۆنگرەی سێزدەیەم: 11ی کانونی یەکەمی 2010، لە ھەولێر، بە بەشداری زیاتر لە (1500) نوێنەر بەسترا.