خەندان-
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە و دوای 8 ساڵ لە دواخستنی، پارتی دیموکراتی کوردستان 14هەمین کۆنگرەی خۆی لە دهۆک دەستپێکرد، کۆنگرەکە بەبەشداری زیاتر لە 1000 ئەندام بەڕێوەدەچێت و بەرپرسانی ئەو حزبەش دەڵێن، لە کۆنگرەکەدا گۆڕانکاری بەرچاو رونادات و مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی حزب دەمێنێتەوە.
کۆنگرە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت
كۆنگرەی 14ـی پارتی بۆ یەکەمجارە لە دهۆک بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 1000 نوێنەر بەشداری تێدا دەکەن، کۆنگرە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و تیایدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی تازەی حزبەکە هەڵدەبژێردرێن.
دەیەوێت پەیوەندیی باشی لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت
پارتی لە کۆنگرەکانی پێشوتریدا ئاماژەی بەوەکردوە، کە دەیەوێت پەیوەندیی باشی لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستاندا هەبێت و کاریش بۆ چەسپاندنی مافی چارەنوس دەکات.
ماوەی 12 ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردوە
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی، دەبوایە كۆنگرەی 14 لە ساڵی 2014دا بكرێت و بەپێی پەیڕەوی حزبەکەش نەدەبو بەستنی كۆنگرە ساڵێك زیاتر لەوادەی خۆی دوابخرێت، بۆیە بەگشتی ماوەی 12 ساڵە پارتی كۆنگرەی نەكردوە، بەرپرسانی پارتیش شەڕی داعش، قەیرانی سیاسیو ئابوریی ساڵانی رابردو و پەتای كۆرۆنا وەك هۆكار بۆ دواكەوتنی کۆنگرەکەیان دەهێننەوە.
مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی دەمێنێتەوە
هەرچەندە پێشتر باس لە سیناریۆی جیاواز دەکرا بۆ چۆنیەتی سەرۆكایەتی پارتی لەدوای کۆنگرەی 14ەوە، بەڵام سەركردەكانی ئەو حزبە بە میدیاکانیان راگەیاندوە، پارتی لەڕوی فكری سیاسی، فەلسەفەی سیاسی، مەرجەعیەت و سەركردایەتی پارتی گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، هەروەها ئاشکرایانکردوە کە مەسعود بارزانی وەكو سەرۆكی پارتی دەمێنێتەوە، دانانی جێگریش بۆ سەرۆكی پارتی بۆ خۆی بەجێهێڵراوە.
پارتی لە ماوەی 76 ساڵی تەمەنیدا، 13 کۆنگرەی بەستوە بەمجۆرەی خوارەوە:
1- کۆنگرەی یەکەم: 16ی ئابی 1946، بە نھێنی لە شاری بەغداد، لە ماڵی (سەعید فەھیم) بەسترا، بە ئامادەبونی نزیکەی (70) نوێنەر.
2- کۆنگرەی دوەم: لە مانگی ئازاری ساڵی (1951) لە شاری بەغداد، ماڵی (عەلی حەمدی) بەسترا، بە ئامادەبونی نزیکەی (30) نوێنەری لق و ناوچەکانی پارتی.
3- کۆنگرەی سێیەم: 26 کانونی دوەمی 1953، لە شاری کەرکوک، بە ئامادەبونی نزیکەی (35–40) نوێنەر بەسترا.
4- کۆنگرەی چوارەم: لە رۆژی 4 تاکو7ی تشرینی یەکەمی 1959، لە شاری بەغداد، ماڵی (کاکە زیاد) بە سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.
5- کۆنگرەی پێنجەم: مانگی ئایاری ساڵی (1960)، لە بارەگای ئەوکاتی حزب لە شاری بەغداد، بەسترا.
6- کۆنگرەی شەشەم: لە سەرەتای مانگی تەمموزی ساڵی (1964) لە شارۆچکەی قەلادزێی ناوەندی قەزای پشدەر بەسترا.
7- کۆنگرەی حەوتەم: 15ی تشرینی دوەمی 1966، لە گەڵاڵە بەسترا.
8- کۆنگرەی ھەشتەم: 1ی تەمموزی 1970، لە ناوپردان بە ئامادەبونی (488) نوێنەر بەسترا.
9. کۆنگرەی نۆیەم: 4ی تشرینی یەکەمی 1979، بەسترا و، تێیدا (مهسعود بارزانی) بەسەرۆک ههڵبژێردرا
10.کۆنگرەی دەیەم: 2 تاکو 12ی کانونی یەکەمی 1989، لە (مەرگەوەڕ) بە بەشداری (332) نوێنەر بەسترا.
11. کۆنگرەی یازدەیەم: 1993 لە ھەولێر، بە بەشداری (2117) نوێنەر بەسترا.
12. کۆنگرەی دوانزەیەم: 6 تاکو 14ی تشرینی یەکەمی 1999، لە ھەولێر، بە بەشداری (1473) نوێنەر بەسترا.
13.کۆنگرەی سێزدەیەم: 11ی کانونی یەکەمی 2010، لە ھەولێر، بە بەشداری زیاتر لە (1500) نوێنەر بەسترا.