خەندان-
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەبۆنەی دەستپێکردنی چواردەهەمین کۆنگرەی پارتی، پیرۆزبایی لە ئەندامانی حزبەکەی دەکات و هیوادارە ڕاسپاردەکانی کۆنگرە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستاندا بێت.
پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم
مەسعود بارزانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا باسی لەوەشکردوە، "ئەمڕۆ لە شاری دهۆک چواردەهەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە کارەکانی کرد، بەم بۆنەیە پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم".
هیوادارم ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی پارتی لە خزمەت بەرژەوەندیی گەلەکەماندا بێت
ئەوەشی خستوەتەڕو، "هیوادارم ئەنجام و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی چواردەی پارتی لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەماندا بیت."
مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی حزب دەمێنێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە و دوای 8 ساڵ لە دواخستنی، پارتی دیموکراتی کوردستان 14هەمین کۆنگرەی خۆی لە دهۆک دەبەستێت، کۆنگرەکە بەبەشداری زیاتر لە 900 ئەندام بەڕێوەدەچێت و بەرپرسانی ئەو حزبەش دەڵێن، لە کۆنگرەکەدا گۆڕانکاری بەرچاو رونادات و مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی حزب دەمێنێتەوە، پرسی یەکلاییکردنەوەی جێگری سەرۆکیش بۆ خودی مەسعود بارزانی جێهێڵراوە.