بەشێک لە کادیرانی پارتی: لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی 14 ساختەکاری کراوە

11:19 - 26/10/2022

6491جار خوێندراوەتەوە

وێنەی ئەو کادرانەی ئەنجامی ئەنجامی هەڵبژاردن لە سنوری لقی 11ی پارتی رەتدەکەنەوە

خەندان-

بەشێک لە کادیر و ئەندامانی پارتی لە سنوری ئیدارەی راپەڕین رایدەگەیەنن، لە هەڵبژاردنی ئەندامان بۆ کۆنگرەی 14ـی حزبەکەیان چەندین "ساختەکاری و پێشێلکاری ئەنجام دراوە و بەبەڵگەوە ساختەکارییەکان لامانە"، بۆیە داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لەو سنورەدا دوبارە بکرێتەوە.

خروقات لە بەرژەوەندی ئەو کاندیدانە بوە و بە ساختەکاری دەرچوێنراون 

14 کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوری ئیدارەی راپەڕین کە کاندید بون بۆ ئەندامیەتی کۆنگرەی 14ـی حزبەکەیان، لە پەیامێکی هاوبەشدا ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەوان لە سنوری ناوچەکانی (مەرگە - بیتوێن - حاجیاوا - خۆشناوەتی)ـی سەر بە لقی 11 پارتی کاندید بون، "سەبارەت بەو ھەمو ساختەکاری و خروقاتانەش کە بەچەندین شاھید و بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی چواردەی پارتیمان ئەنجام دراوە، لەسنورمان لە بەرژەوەندی ئەو کاندیدانە بوە و بە ساختەکاری دەرچوێنراون !!".

لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی کۆنگرە بڕیاری لیژنەی یاساییان بەلاڕێدا برد

ئەوەشیان خستوەتەڕو، لە لیژنەی یاسایی کۆنگرەی 14 سکاڵایان تۆمارکردوە و دادوەرییش دوای بینینی بەڵگەکان، بڕیاریداوە دوبارە هەڵبژاردن لە سنورەکەیاندا بکرێتەوە، بەڵام "لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنی کۆنگرە بڕیاری لیژنەی یاساییان بەلاڕێدا بردوە بەھۆکاری شەخسی و لەبەر ئەو هۆکارەش سکاڵاکەمان ئەنجامی نەبو".

وەڵاممان نەدرێتەوە، بەڵگەکان بۆ رایگشتی دەخەینەڕو

کادیرەکانی پارتی داوا لە مەسعو بارزانی، سەرۆکی حزبەکەیان دەکەن دەستوەردان لەو بابەتەدا بکات و ئەوانیش پابەندی هەر بڕیارێک دەبن کە سەرۆکی پارتی و لیژنەی یاسایی پەسەندی بکات، بەپێچەوانەوە "ئەگەر وەڵامی ئەو داواکارییەمان نەدرێتەوە ئەوا ناچار دەبین لە ڕۆژانی داھاتودا ھەمو ئەو بەڵگانەی  سەبارەت بەو ھەمو ساختەکاری و خروقاتانەی لەسنورمان ئەنجام دراوە، لە ڕێگەی دەزگا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕو".

 

ناو و وێنەی ئەو کادرانەی ئەنجامی ئەنجامی هەڵبژاردن لە سنوری لقی 11ی پارتی رەتدەکەنەوە:

1- حاجی پیرۆت خدر 
2- حسن کوێخا ڕسول
3-ابراهيم کوێخا ھەمزه
4- جمال عبداللە میر احمد
5- عبداللە محمد عبداللە
6- ڕێبوار ابراھیم خالید 
7- ئارام عبداللە علی 
8- عوسمان حاجی احمد
9-ئاشتی محمد عبداللە 
10-خالید مامەند علی 
11- ھیوا عبداللە جەعفەر
12- مامەند خدر داود
13- اسماعیل رسوڵ عمر
14-رحمان ڕسوڵ احمد

May be an image of 12 people and people standing