خەندان-
ئەمڕۆ هەینی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکی هاوپەیمانی "برایەتی ئیتاڵیا"، وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن لە مێژوی ئیتاڵیادا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەی راسپێردرا، بڕیاریشە هەفتەی داهاتو حکومەتی نوێ لە وڵاتەدا دەستبەکاربێت.
لەکۆی 400 کورسی پەرلەمان، 237 کورسییان بەدەستهێنا
جۆرجیا میلۆنی لە هەڵبژاردنەکەی مانگی رابردودا هاوپەیمانییەکی سیاسی لەگەڵ هەریەک لە سیلڤیۆ بێرلسکۆنی و ماتیۆ سالڤینی پێکهێنا، ئەو هاوپەیمانییەی پارتە راستڕەوەکان توانی سەرکەوتنێکی مێژویی بەدەستبهێنێت و لەکۆی 400 کورسی پەرلەمان، 237 کورسییان بەدەستهێنا.
روبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە بەتایبەت لە پرسی کورتهێنانی داراییدا
حکومەتە راستڕەوەکەی میلۆنی روبەڕوی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە بەتایبەت پرسی کورتهێنانی دارایی، بەرزبونەوەی نرخی وزە لە ئیتاڵیا و شەڕی ئۆکرانیا، بۆیە تا هەفتەی داهاتو مۆڵەت دراوە بە سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو تا کابینەی حکومەتەکەی پێکبهێنێت بەجۆرێک رەنگدانەوەی پێداویستییەکانی ئێستای وڵات بێت.
شکۆی وڵات لە یەکێتیی ئەوروپا دەگەڕێنینەوە
حکومەتی داهاتوی ئیتاڵیا کە تائێستا پێکنەهێنراوە بە حکومەتێکی راستی دژە کۆچبەری ناودەبرێت، جۆرجیا میلۆنیش دەڵێت، حکومەتەکەی کار دەکات بۆ ئەوەی ئابوری ببوژێنێتەوە و " شکۆی وڵاتیش لە یەکێتیی ئەوروپا دەگەڕێنینەوە"