خەندان-
لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند، هیوای زو چاکبونەوە بۆ فەرماندە ئاکام عومەر و بریندارەکانی دیکەی هێزی كۆماندۆی كوردستان دەخوازێت کە ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی چەند بۆمبێکی چێنراو بە هێزەکانیاندا برینداربون، پرسە و سەرەخۆشی خۆیشی ئاڕاستەی بنەماڵەی ئەو کارمەندەی هێزی کۆماندۆ دەکات کە لە روداوەکەدا شەهیدبو، هەروەها دەڵێت، بە "روداوەکە دڵگران بوم و داوا دەکەم لێکۆڵینەوەی جددی بکرێت تا ڕوداوی لەو جۆرە دوبارە نەبێتەوە."
ئەو ڕوداوە خەمبار و دڵگرانی کردم
لاهور شێخ جەنگی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەشکرد، "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ هەواڵی شەهیدبونی پێشمەرگەی قارەمان (زوهێر محەمەد) و برینداربونی کاکە (ئاکام عومەر) فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و چەند پێشمەرگەیەکی ترم بیست، کە ئەو ڕوداوە خەمبار و دڵگرانی کردم".
هیوای زو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازم
ئەوەشی خستوەتەڕو، بۆ ئەو خەمە پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی خێزان و خانەوادە و بنەماڵەو هاوڕێ و هاوسەنگەرانی شەهید زوهێر دەکات، هیوای زو چاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
هۆکار و کەمتەرخەمییەکان دیاری بکەن تا ڕوداوی لەو جۆرە دوبارە نەبێتەوە
لاهور شێخ جەنگی داوا دەکات هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەی "جدی بکەن لەو ڕوداوە نەخوازراوە و هۆکار و کەمتەرخەمییەکان دیاری بکەن تا ڕوداوی لەو جۆرە دوبارە نەبێتەوە.".
بهیانی ئەمڕۆ چەند بۆمبێکی چێنراو بە ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان تەقینەوه
بەیانی ئەمڕۆ هێزهكانی كۆماندۆی كوردستان بڵاویكردهوه، لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی رەسمیدا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سەرپەرشتیکردنی ئۆپراسیۆنێک لە سنوری تاوێر کەوە لەناوچەی پەڵکانە و زینانە لە گەرمیان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر و پاشماوەکانی داعش چەند بۆمبێکی چێنراو بە ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان تەقینەوه.
ئاکام عومەر بە سەختی برینداربو
له راگهیهندراوهكهدا هاتوه، له ئاكامی روداوهكهدا ئاکام عومەر، فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بە سەختی برینداربوەو ملازم زوھێر محەمەد شەھید بوه و حهوت پێشمەرگەی تری ھێزی کۆماندۆی کوردستان برینداربون.