لە گەرمیان تەرمی کچێک دۆزرایەوە کە شوێنەواری گولـلە لەسەر جەستەی هەیە

12:54 - 17/10/2022

10956جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ دوشەممە لە سنوری قەزای کفری تەرمی کچێکی تەمەن 14 ساڵ لەناو ماڵەی خۆیاندا دۆزرایەوە کە شوێنەواری دو گولـلە لەسەر جەستەی هەیە، لەسەر روداوەکەش هێزە ئەمنییەکان باوکی ئەو کچە بە تۆمەتبار دەزانن چونکە لە شوێنی روداوەکە "رایکردوە".

تەرمی ئەو کچە لەناو ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە
عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە خەندان-ی راگەیاند، تەرمی ئەو کچە لەناو ماڵەکەیدا دۆزراوەتەوە و لەسەر روداوەکەش باوکی تۆمەتبار دەکرێت، چونکە لە شوێنی روداوەکە رایکردوە.
دۆسییەکە لەلایەن پۆلیسی توندوتیژی گەرمیانەوە کاری لەسەر دەکرێت

ئاماژەی بەوەشكرد، دۆسیەی روداوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی گەرمیانەوە کاری لەسەر دەکرێت و ئەوان لایەنی پەیوەندیدارن بە لێکۆڵینەوەکان.

چەکی بێ مۆڵەت هۆکارێکە بۆ زیادبونی روداوەکانی کوشتن 

تائێستا هۆکاری روداوەکە و کوژرانی ئەو کچە نەزانراوە، بەڵام کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بونی چەکی بێ مۆڵەت بە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی کوشتن و تاوان دادەنرێن، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕیاری قەدەغەکردنی چەکی بێ مۆڵەت و نایاسایی دەرکردوە.

نیشانەکردن

گەرمیان