مه‌سعود بارزانی: ماوه‌ی ساڵێكه‌ هه‌وڵی زۆر ده‌درا ده‌ست به‌سه‌ر ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان بگیرێت

07:57 - 13/10/2022

2107جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، ماوه‌ی ساڵێكه‌ عه‌وڵێكی زۆر ده‌درێت بۆئه‌وه‌ی ئیراده‌ و ئیستحقاقاتی گه‌لی كوردستان ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگی و ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان وه‌ك سه‌رۆك كۆمار بسه‌پێندرێت.

مه‌سعود بارزانی له‌په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌، هه‌ر له‌ دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردو هه‌تا ئێستا هه‌وڵێكی زۆر درا بۆ ئه‌وه‌ی ئیراده‌ و ئیستحقاقاتی گه‌لی كوردستان ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت و كه‌سێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگی و ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان وه‌ك سه‌رۆك كۆمار بسه‌پێندرێت، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ سه‌رنه‌كه‌وتن و ڕێگه‌ نه‌درا ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان پشتگوێ بخرێت".

بۆ ئێمه‌ هه‌میشه‌ پڕه‌نسیپ گرنگتره‌ له‌ پۆست و پله‌ و پایه‌
راشیگه‌یاندوه‌، "بۆ ئێمه‌ هه‌میشه‌ پڕه‌نسیپ گرنگتره‌ له‌ پۆست و پله‌ و پایه‌ و، دواجاریش ئه‌و پڕه‌نسیپه‌ سه‌ركه‌وت كه‌ نابێ كه‌سێك به‌سه‌ر ئیراده‌ی گه‌لی كوردستاندا  بسه‌پێندرێت و بكرێته‌ سه‌رۆك كۆمار".

باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هیوادارم هه‌نگاوه‌كانی داهاتوی ناو پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق له‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقی فیدڕاڵ و هه‌رێمی كوردستاندا بێت و كه‌شوهه‌وایه‌كی نوێ ژیانی سیاسی بگرێته‌وه‌ و، كۆتایی به‌ كێشه‌ و ئاسته‌نگ و قه‌یرانه‌كانی ڕابردو بێت".

نیشانەکردن

مەسعود بارزانی