ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری داوای ئاشكراكردنی تاوانبارانی تیرۆركردنی عەقید هاوکار جاف ده‌كات

05:20 - 07/10/2022

5613جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب به‌ ئۆتۆمبێلی هاوکار جاف، بەرپرسی پێشوی دەزگای زانیاری لە موسڵ، رایگەیاند، داوا دەکەن ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان لە لێکۆڵینەوەکانیاندا وردبن و راستی روداوەکە و تۆمەتباران  بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن و روبەڕوی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن. 

ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (7ی تشرینی یەکەمی 2022) لەروداوێکی نەخوازراودا لەشاری ھەولێر، ئۆتۆمبێلەکەی بەڕێز عەقید ھاوکار عەبدوڵا ناسراوبە (ھاوکار جاف) کرایە ئامانج و بەداخەوە شەھیدکرا".

شەھید ھاوکار كە پێشتر لەئەرک و فەرمانی رەسمیدابو رۆڵی بەرچاوی ھەبوە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "شەھید ھاوکار كە پێشتر لەئەرک و فەرمانی رەسمیدابو رۆڵی بەرچاوی ھەبوە لەھێزەکانی دژەتیرۆر و بواری ئەمنیدا و خزمەتی ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کردوە".
داوا دەکەین لە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم لەلێکۆڵینەوەکانیاندا وردبن و راستی رووداوەکە و تۆمەتباران بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن
ئاژانسی پاراستن و زانیاری / زانیاری ده‌ڵێت، "وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی پرسەو سەرەخۆشی ئاڕاستەی بنەماڵە تێکۆشەرەکەیان دەکەین کە نمونەیەکی بەرزی قوربانیدانن، ھیوای زوچاکبونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین، داواش دەکەین لە ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێم لەلێکۆڵینەوەکانیاندا وردبن و راستی رووداوەکە و تۆمەتباران  بۆ رای گشتی ئاشکرابکەن و روبەڕوی دەسەڵاتی دادوەریان بکەنەوە و سزای یاساییان بەسەردابسەپێنن".