دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان: بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق زەنگێکی مەترسیدارە

04:23 - 07/10/2022

2642جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگه‌یاند، بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق بۆ هه‌ژمارنه‌كردنی وانه‌ی كوردی جگە لەوەی ئاستی زانستی خوێندکار دەخاتە ژێر پرسیارەوە هاوكات زەنگێکی مەترسیدارە و خزمەتی ژیانی پێکەوەیی ناكات.

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی عێراق په‌یوه‌ست به‌ هه‌ژمارنه‌كردنی وانه‌ی زمانی كوردی، رایگه‌یاندوه‌، "بەداخەوە جارێکی تر و بە شێوازێکی تر زمانی کوردی فەرامۆش دەکرێت و پێچەوانەی دەستور و بنەماکانی ژیانی هاوبەش وەزارەتی پەروەردەی عێراقی بە نوسراوێکی وەزاری وانەی کوردی لە پەروەردەی عەرەبیدا بێبایەخ دەکات و ڕایدەگەیەنێت هەر خوێندکارێک لە وانەی کوردی دەرنەچێت بە کەوتو هەژمار ناکرێت".

 ئەم هەوڵە پێچەوانەی مادەی چواری دەستوری عێراقە کە هەردو زمانی کوردی و عەرەبی بە فەرمیی ناساندوە
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەم هەوڵە جگە لەوەی ئاستی زانستی خوێندکار دەخاتە ژێر پرسیارەوە پێچەوانەی مادەی چواری دەستوری عێراقیشە کە هەردو زمانی کوردی و عەرەبی بە فەرمیی ناساندوە.
ئەم پاشەکشە دەستوریە زەنگێکی مەترسیدارە
دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکان ده‌ڵێت، "ئەم پاشەکشە دەستوریە زەنگێکی مەترسیدارە و لە چەندین بۆنەی تردا ڕامانگەیاندوە ئەم هەوڵانە نە خزمەتی ژیانی پێکەوەیی ئەکات نە هۆکارێکیشە بڕوامان بە بەدیهاتنی مافەکانی ترمان لە دەستوردا زیاتر بکات".
سەرباری نیگەرانیمان لەم هەوڵانە داوای ڕونکردنەوەی بڕواپێکراویش لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکەین 
ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "ئێمە سەرباری نیگەرانیمان لەم هەوڵانە داوای ڕونکردنەوەی بڕواپێکراویش لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکەین و داوا لە فراکسیۆنە کوردیەکانیش دەکەین ئەم خروقات و بێبایەخ کردنانەی کە دەرهەق بە زمانی کوردی دەکرێت بیانهێنێتە دەنگ و ڕێ و شوێنی یاسایی پێویست بگرنەبەر".

وەزارەتی پەروەردەی عێراق له‌ نوسراوێكدا وەڵامی پرسیار و رونکردنەوەیەکی ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانی دایەوە و رایگەیاند، خوێندنی وانەی زمانی کوردی لە خوێندنگەکانی عێراق نمرەی لەسەر دانانرێت و ئەو خوێندکارەش بە کەوتو هەژمار ناکرێت کە لەو وانەیەدا نمرەی پێویست بە دەستناهێنێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، خوێندکار لە وانەی زمانی کوردی بە کەوتو هەژمار ناکرێت ئەگەر لەو وانەیەدا نمرەی پێویستی بەدەستنەهێنا.