ئێران ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاودەکاتەوە

03:38 - 07/10/2022

6069جار خوێندراوەتەوە

ژینا ئەمینی

خەندان-

دەستەی دادی پزیشکی ئێران رایگەیاند، ژینا ئەمینی بەهۆی ئەوەی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی بۆ ئەنجامدراوە بەهۆی بونی لو "وەرەم"ەوە، هۆکاری مردنەکەی ئەوەبوە کە بەبەردەوامی گرفتی تەندروستی لە مێشێکیدا هەبوە و ئۆکسجینی پێویستیش بە شانەکانی مێشکی نەگەیشتوە، هاوکات رەتیشیدەکاتەوە مردنی ژینا بەهۆی لێدان یان بەرکەوتنی زەبر بەمێشک و جەستەیەوە بوبێت.

ژینا بە بەردەوامی گرفتی تەندروستی هەبوە

دەستەی دادی پزیشکی ئێران ئەمڕۆ هەینی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەچوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە روداوی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، دەستەکەیان دوبارە پشکنین و توێکاری بۆ مردنی ژینا کردەوە و بۆی دەرکەوت ناوبراو لە تەمەنی هەشت ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی بۆ ئەنجامدراوە بەهۆی بونی لو "وەرەم"ەوە، لە ئەنجامی ئەو نەشتەرگەرییەش ژینا بەبەردەوامی گرفتی تەندروستی هەبوە.

توشی دابەزینی پەستانی خوێن و دابەزینی ئاستی هۆشیاری بوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ژینا ئەمینی بەهۆی ئەو نەخۆشییەی كە بەدەستییەوە دەیناڵاند، بۆ چارەسەركردن دەرمانی هایدرۆكۆرتیزۆن، لیڤۆتایرۆكسین و دیسمۆپرێسینی بەکارهێناوە، هەروەها ناوبراو بەهۆی ناڕێكی لێدانی دڵ و دابەزینی پەستانی خوێن توشی دابەزینی ئاستی هۆشیاری ببو".

مردنی ژینا بەهۆی بەرکەوتنی زەبر بە سەر یان جەستەیەوە نەبوە

دەستەی دادی پزیشکی ئێران دەڵێت، مردنی ژینا ئەمینی بەهۆی ئەوەوە بوە کە چەند ئەندامێکی جەستەی لەو کاتەدا لەکارکەوتون و ئۆکسجینی پێویستیش بە شانەکانی مێشکی نەگەیشتوە، هاوکات رەتیشیدەکاتەوە مردنی ژینا بەهۆی بەرکەوتنی زەبر بە سەری یان جەستەیەوە بوبێت، ئەویش لەسەر بنەمای ئەو پشکنینانەی کە بۆ مێشک، سییەکان، جەستە و پشکنینی نەخۆشییەکانی کراون.

ژینا بەتۆمەتی پابەندنەبون بە جلوبەرگی باڵاپۆشییەوە دەستبەسەرکرابو 

رۆژی 13ی ئەیلول ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران لەلایەن پۆلیسی چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان بەتۆمەتی پابەندنەبون بە جلوبەرگی باڵاپۆشییەوە دەستبەسەرکرا و دواتریش لە گرتوخانە چوە کۆماوە و کۆچی دواییکرد، روداوەکەش ناڕەزایی فراوانی لێکەوتەوە و هاوڵاتیانی ئێران داوای لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە کرد، لای خۆیەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ بنەماڵەی ژینا ئەمینی رایگەیاند، "کچەکەی ئێوە کچی منەو لێکۆڵینەوەش لە دۆسیەکە بەردەوامە".