لە هەولێر ئۆتۆمبێلێک تەقییەوە و شۆفێرەکەی گیانیلەدەستدا

02:11 - 07/10/2022

4829جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر دەنگی تەقینەوەیەک بیسترا، بەڕێوەبەرایەتی دژه تیرۆری کوردستان (KCT)ـیش رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەکە ئۆتۆمبێلێک گڕی گرتوە و شۆفێرەکەشی گیانیلەدەستداوە.

بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە 

بەڕێوەبەرایەتی دژه تیرۆری کوردستان (KCT) لە بارەی تەقینەوەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، "کەمێک بەر لە ئێستا لە گەڕەکی سەربەستی لە شاری هەولێر، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و بەهۆیەوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لە دەست دا، هەروەها دو ئافرەت و دو منداڵیش کە سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بون بریندار بون."

 لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستیپێکردوە

لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەلێدوانێکی رۆژنامەنوانیدا باسی لەوەکرد، لەئێستادا هێزە ئەمنییەکان گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە و لێکۆڵینەوەش لە روداوەکە دەستیپێکردوە.

بەهۆی تەقینەوەکە راستەوخۆ شۆفێرەکە گیانیلەدەستداوە

شاهێدحاڵەکان دەڵێن، تەقینەوەکە بەهۆی "بۆمب"ەوە بوە و لەناو ئۆتۆمبێلەکەشدا پێنج کەسی تێدابوە، بەهۆی تەقینەوەکە راستەوخۆ شۆفێرەکە گیانیلەدەستداوە و چوار کەسەکەی دیکەش برینداربون.

بەرپرسی دەزگای زانیاری لە موسڵ، لە روداوەکەی هەولێردا تیرۆرکرا 

ئەو کەسەی لە روداوەکەدا گیانیلەدەستداوە ناوی هاوکار عەبدوڵا جافە (ناسراوە بە ئەبو عەلی)، بەرپرسی دەزگای زانیاری بوە لە موسڵ، ئەمڕۆ لە رێگەی بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری توێتا لاندکرۆزەری 2022، لە روداوێکی نادیاردا لە گەرەکی سەربەستی هەولێر تیرۆر کرا.

May be an image of 1 person, beard and sitting