بەهۆی هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی بۆردومانەکەی زاخۆ.. هێڵی ئاسمانی تورکیا کارمەندێک دەردەکات

01:17 - 07/10/2022

5754جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

هێڵی ئاسمانی تورکیا بڕیاریدا کارمەندێکی عێراقی هێڵەکەی لەکار دەربکات ئەویش بەهۆی هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی بۆردومانەکەی سەیرانگەی پەرخ لە زاخۆ، کە سوپای تورکیا ناوەڕاستی مانگی تەمموز بۆسەر سەیرانگاکە ئەنجامیدا و بەهۆیەوە نۆ کەس شەهیدبون.

هێڵی ئاسمانی تورکیا دوای 10 ساڵ کردنم لەو هێڵەدا، کۆتایی بە راژەکەم هێنا
رؤى ئەلتەمیمی، خانمە کارمەندی هێڵی ئاسمانی تورکیا لە عێراق، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، بەهۆی دەربڕینی هەڵوێستێکی نیشتیمانی لەپێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و  هاوسۆزی لەگەڵ قوربانیانی بۆردومانەکەی زاخۆ، هێڵی ئاسمانی تورکیا دوای 10 ساڵ کردنی لەو هێڵەدا، کۆتاییان بە راژەکەی هێناوە.
هیچ یاسایەک نیە کە مافی کارمەندانی ناوخۆ بپارێزێت کە لە کۆمپانیا بیانییەکاندا کار دەکەن
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، لە عێراق هیچ یاسایەک نیە کە مافی کارمەندانی ناوخۆ بپارێزێت کە لە کۆمپانیا بیانییەکاندا کار دەکەن، لەکاتێکدایە ئەو لەسەر روداوێکی کارەساتبار هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە و مافی ئازادی رادەربڕینی خۆی پەیڕەو کردوە.
پێیان وتم  بڵاوکراوەکەت زیان بە کۆمپانیاکەمان دەگەیەنێت
رؤى ئەلتەمیمی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، لە کۆتایی مانگی تەمموز و دوای هەفتەیەک لە روداوی بۆردومانەکەی زاخۆ، لەلایەن بەڕێوەبەری لقی عێراقی هێڵی ئاسمانی تورکیاوە ئاگادار کراوەتەوە، کە بڵاوکراوەکەی زیان بە کۆمپانیاکە دەگەیەنێت و لەسەر ئەو بنەمایەش لەکار دوخراوەتەوە.
حکومەتی عێراق لاوازە و ناتوانێت مافی ئێمە بپارێزێت
ئەو کارمەندەی پێشوی هێڵی ئاسمانی تورکیا ئەوەشی خستوەتەڕو، نیگەرانن لەوەی حکومەتی عێراق لاوازە و ناتوانێت لەرێگەی دەرکردنی یاسایەکەوە ماف و شایستەی کارمەندان بپارێزێت کە لە کەرتی تایبەت و کۆمپانیا بیانییەکاندا لە عێراق کاردەکەن.

نیشانەکردن

عێراق تورکیا