براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ئاشکرا

12:16 - 07/10/2022

3358جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ هەینی براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ڕێوڕەسمێکدا لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج راگەیەنرا، بۆ ئەمساڵ کەسایەتییەک و دو رێکخراو بە هاوبەشی خەڵاتەکەیان بردەوە کە ئەوانیش بریتین لە (ئالێس بیالیاتسکی سەرۆکی رێکخراوی ڤیاسنا بۆ مافەکانی مرۆڤ، رێکخراوی میمۆریالی روسی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ناوەندی ئۆکرانیا بۆ ئازادی مەدەنی).

ئالێس بیالیاتسکی بیلاڕوسی بوە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی 

بێریت ئەندەرسن، سەرۆکی لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵاتی ئەمساڵی نۆبڵی ئاشتی دراوە بە کەسایەتییەک و دو رێکخراو کە ئەوانیش بریتین لە ئالێس بیالیاتسکی، سەرۆکی رێکخراوی ڤیاسنا بۆ مافەکانی مرۆڤ (لە بیلاڕوسیا زیندانیکراوە)، رێکخراوی میمۆریالی روسی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ناوەندی ئۆکرانیا بۆ ئازادی مەدەنی.

رۆڵیان هەبوە لە  داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و بە دۆکیومێنتکردنی تاوانی جەنگ

ئەوەشی خستەڕو، هۆکاری پێدانی خەڵاتەکەش بەو کەسانە بۆ پێزانینی هەوڵەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، بە دۆکیومێنتکردنی تاوانی جەنگ و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەناو خۆی وڵاتەکانیاندا.

براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە بیلاڕوسیا زیندانیکراوە 

ئالێس بیالیاتسکی چالاکوانێکی خەڵکی بیلاڕوسیایە و سەرۆکی رێکخراوی ڤیاسنایە بۆ مافەکانی مرۆڤ، ناوبراو ساڵی رابردو بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراوە، بەڵام پارێزەرەکەی بڕیاری دەستگیرکردنی بە سیاسی ناو دەبات، بۆیە ئەمڕۆش  لیژنەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی داوای ئازادکردنی بیالیاتسکی کرد.

609 خەڵاتی نۆبڵ بە 975 کەس دراون

لە ساڵی 1901ـەوە تاوەکو ساڵی 2021، لە شەش بواردا 609 خەڵاتی نۆبڵ بە 975 کەس دراون، بەم جۆرە: فیزیا 115 خەڵات؛ ئەدەب 114 خەڵات؛ کیمیا 113 خەڵات؛ پزیشکی 112 خەڵات؛ ئاشتی 103 خەڵات و زانستە ئابورییەکانیش 53 خەڵات.

 لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ناوی براوەکانی بۆ ساڵی 2022 راگەیاند:

Image