براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ئاشکرا دەکرێت

11:51 - 07/10/2022

1889جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمڕۆ هەینی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ئاشکرا دەکرێت، بۆ بردنەوەی خەڵاتەکەش 251 کەسایەتی و 92 دامەرزاوە کاندید کراون، کە دیاریترین کاندیدەکانیش بریتین لە ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا، ئەلێکسی ناڤالێنی ڕەخنەگری هەرە دیاری ئۆپۆزسیۆنی روسیا، دادگای دادی نێودەوڵەتی، ئالێس بیالیاتسکی سەرۆکی رێکخراوی ڤیاسنا بۆ مافەکانی مرۆڤ لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پرسی کۆچبەران.

 پرسی ژینگە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە دۆسییە گرنگەکان

ئەمساڵ لەکاتێکدا براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ئاشکرا دەکرێت کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە جیهان بە قۆناغێکی پڕ گرژی لەنێوان رۆژئاوا و روسیادا تێدەپەڕێت، هەروەها پرسی ژینگە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەواش یەکێکە لە دۆسییە گرنگەکان، بۆیە تائێستا نازانرێت رێکخەرانی خەڵاتەکە بۆ ئەمساڵ سەرنجی زیاتر دەخەنەسەر کام بوار تا کاندیدە بەهێزەکانی ئەو بوارە بۆ خەڵاتەکە دەستنیشان بکرێن.

خەڵاتەکە رەنگە بدرێت بە دامەزراوەیەک کە رۆڵی لە روداوەکانی ئۆکرانیادا هەبێت 

هنریک ئورداڵ، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئۆسلۆ بۆ ئاشتی لەبارەی خەڵاکەتەکە دەڵێت، پێدەچێت سەرنجی ئەوانەی بڕیار لەسەر خەڵاتەکە دەدەن، بۆ ئەمساڵ زیاتر لەسەر روداوەکانی ئۆکرانیا بێت و خەڵاتەکەش رەنگە بدرێت بە کەسایەتییەک یان دامەزراوەیەک کە رۆڵی لە روداوەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە.

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا کاندیدە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە 

بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی 251 کەسایەتی و 92 دامەرزاوە کاندید کراون، دیارترین کاندیدەکانیش پێکهاتون لە سڤیتلانا تیخانوڤسکایا سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕوسیا، ئەلێکسی ناڤالێنی ڕەخنەگری هەرە دیاری ئۆپۆزسیۆنی روسیا،  ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا، ئەلێکسی ناڤالێنی ڕەخنەگری هەرە دیاری ئۆپۆزسیۆنی روسیا، دادگای دادی نێودەوڵەتی، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، گرێتا سەنبێرگ چالاکوانی سویدی بۆ بواری کەشوهەوا و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ پرسی کۆچبەران.

609 خەڵاتی نۆبڵ بە 975 کەس دراون

لە ساڵی 1901ـەوە تاوەکو ساڵی 2021، لە شەش بواردا 609 خەڵاتی نۆبڵ بە 975 کەس دراون، بەم جۆرە: فیزیا 115 خەڵات؛ ئەدەب 114 خەڵات؛ کیمیا 113 خەڵات؛ پزیشکی 112 خەڵات؛ ئاشتی 103 خەڵات و زانستە ئابورییەکانیش 53 خەڵات.

بەهای خەڵاتی نۆبڵ چەندە؟

 
خەڵاتی نۆبڵ کە مێدالیایەکی زێڕی عەیار 18یە لەگەڵ 10 ملیۆن کرۆنی سوێدی، یان 905,000 دۆلاری ئەمریکی بە کەسی براوە دەدرێت. کێشی مێدالیاکە 196 گرامە کە 150 گرامی لە زێڕ دروستکراوە.

 ساڵی رابردو دیمیتری موراتۆڤ، رۆژنامەنوسی روسی خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی بردەوە

لە ساڵی 2021دا دیمیتری موراتۆڤ، رۆژنامەنوسی روسی خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی بردەوە. موراتۆڤ خەڵاتەکەی فرۆشت بۆئەوەی یارمەتیی منداڵە ئاوارەکانی ئۆکرانیا بدات کە لە ساڵی 2014وە بەهۆی جەنگەوە ئاوارە بون. مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ خەڵاتەکەی لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە بەهای 103.5 ملیۆن دۆلار فرۆشرا. بەوەش ریکۆردی بە بەهاترین مێدالیای نۆبڵی شکاند.