لە ئەوروپا یەک بارگاویکردنەوەی هاوبەش بۆ سەرجەم مۆبایل و تابلێتەکان دروست دەکرێت

04:58 - 05/10/2022

5071جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

دوێنێ سێشەممە پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی پەسەندکرد کە کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا پابەند دەکات بەوەی سەرجەمیان یەک جۆر ئامێری بارگاویکردنەوەی هاوبەش دروستبکەن کە لە یەک کاتدا بتوانرێت بۆ سەرجەم مۆبایل و تابلێتەکان بەکاربهێنرێت، ئامانج لە بڕیارەکەش کەمکردنەوەی پاشماوەی زیانبەخش و پاراستنی ژینگەیە.

بڕیارەکە سەرجەم بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکیش دەگرێتەوە

دوێنێ پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگی 602 پەرلەمانتار پێشنیازەکەی پەسەندکرد و بەگوێرەی پڕۆژەکەش ئامێری بارگاویکردنەوەی (USB-C) دەکرێتە بنەما بۆ یەکخستنی سەرجەم ئامێرەکانی بارگاویکردنەوە بۆ مۆبایل، تابلێت و کۆمپیوتەرەکان، بڕیارەکە سەرجەم بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکیش دەگرێتەوە.

تاوەکو سەرەتای ساڵی 2023 ئەو پڕۆژەیە دەبێتە یاسا و کاری پێدەکرێت

بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بچێتەبواری جێبەجێکردنەوە پێویستی بە دەنگدانی هەر 27 دەوڵەتەکەی ئەوروپاش هەیە لە کۆمسیۆنی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بۆیە ئەوانەی رەشنوسی پڕۆژەکەیان ئامادە کردوە دەڵێن، تاوەکو سەرەتای ساڵی 2023 ئەو پڕۆژەیە دەبێتە یاسا و کاری پێدەکرێت.

 ئامانج لەو پڕۆژەکە کەمکردنەوەی پیسکردنی ژینگەیە بەبەهای ساڵانە 247 مليۆن دۆلار

پێشنیازەکە ساڵی 2021 بۆیەکەمجار لەلایەن کۆمسیۆنی ئەوروپاوە خرایەڕو، لەو بارەیەوە مارگریت ڤیساگر، جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمسیۆنەکە ئاماژەی بەوەکردوە، ئامانج لەو پڕۆژەکە کەمکردنەوەی پیسکردنی ژینگەیە بەبەهای ساڵانە 247 مليۆن دۆلار، چونکە بەکارهێنەرانی ئەوروپا ناچارنابن بۆ هەمو ئامێرێک کە پێویستی بە بارگاویکردنەوە هەیە، ئامێری بارگاویکردنەوەی تایبەت بە خۆی بکڕن.

نیشانەکردن

ئەوروپا