تۆمه‌تبارێك كه‌ وه‌ك ئه‌فسه‌ر خۆی ده‌ناساند و پاره‌ی له‌هاوڵاتیان وه‌رده‌گرت، ده‌ستگیركرا

10:30 - 24/09/2022

1965جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی عێراق ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، له‌ قه‌زای دوزخورماتوی رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ به‌ فێڵ خۆی وه‌ك ئه‌فسه‌ر ناساندوه‌ و پاره‌ی له‌هاوڵاتیان وه‌رگرتوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، به‌ پشتبه‌ستن به‌ وه‌رگرتنی زانیاری دروست له‌لایه‌ن ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی له‌ دوزخورماتو، به‌ به‌شداریی هه‌واڵگری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی قه‌زاكه‌، تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ خۆی وه‌ك ئه‌فسه‌ر به‌پله‌ی ملازمی دو ناساندبو، هه‌روه‌ها به‌ بیانوی دامه‌زراندنیان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ پاره‌ی له‌ به‌شێك له‌ هاوڵاتیان وه‌رگرتوه‌. 

له‌ئێستادا تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌


ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، له‌ئێستادا تۆمه‌تباره‌كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ و پاش ته‌واوكردنی لێكۆڵینه‌وه‌كان، راده‌ستی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كرێت، به‌مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌ یاساییه‌كان.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی له‌ قه‌زای دوزخورماتو دۆزراوه‌ته‌وه‌


ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ هه‌واڵگری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دوزخورماتو له‌ گوندی جه‌زوع به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ هه‌واڵگری و هێزێكی فه‌وجی دوی لیوای 52ی پیاده‌، كۆگایه‌كی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ماتۆڕسكیلێك، پێنج ئامێری تایبه‌ت به‌ ته‌قینه‌وه‌ی بۆمب، چوار بۆمبی قه‌باره‌ جیاواز، هه‌شت گوللـه‌ هاوه‌نی قه‌باره‌ 60 و 80 ملم، شه‌ش موشه‌كی دژه‌ زرێپۆشی تێدابوه‌.

نیشانەکردن

عێراق