واده‌ و ئامانجی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكراده‌كرێت

08:37 - 24/09/2022

1267جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

 

سه‌ركرده‌یه‌كی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ رایگه‌یاند، كوتله‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رێكه‌وتون ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، ئامانجیش له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ داڕشتن و په‌سه‌ندكردنی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌یاسای گرنگه‌.

مه‌حمود حه‌یانی سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاند، "رێككه‌وتن هه‌یه‌ له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌ رۆژی 27ی ئه‌م مانگه‌، هه‌روه‌ها كۆده‌نگییه‌ك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ هیچ دواكه‌وتنێك ئه‌م دانیشتنه‌ ئه‌نجامبدرێت و په‌رله‌مان كاره‌كانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌".

ئامانجی ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان، پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ نییه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئامانجی ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان، پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ نییه‌، به‌ڵكو ئامانجی داڕشتن و په‌سه‌ندكردنی ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌یاسای گرنگه‌، پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت پێویستی به‌ كۆده‌نگی نێوان ره‌وتی سه‌در و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌رده‌وام به‌ئه‌نجام بگه‌یه‌ندرێت".

له‌م هه‌فته‌یه‌دا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت 

پێشتریش، جه‌بار مه‌عموری سه‌ركرده‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رایگه‌یاند، له‌م هه‌فته‌یه‌دا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و محه‌مه‌د شیاع سودانی كاندیدی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌رنامه‌ی كابینه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕو، چاوه‌ڕوانیشده‌كرێت 150 ئه‌ندام په‌رله‌مان ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ بن.