مه‌زڵوم كۆبانێ: ده‌بێت کێشەی کورد و ژنان لە ئێران چارەسەربکرێت

10:45 - 24/09/2022

1459جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌باره‌ی گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی، رایگه‌یاند، "كوشتنی ژینا، داڕمانی ئه‌خلاقییه ‌و پشتگیریی ناڕه‌زایەتییەكان ده‌كه‌ین، کێشەی کورد و ژنان لە ئێران دەبێت بە شێوازی گونجاو چارەسەر بکرێت".

مه‌زڵوم كۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) له‌ په‌یامێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاویكرده‌وه‌، "کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقیی ئێرانەوە، داڕمانی ئەخلاقییە و جێگەی شەرمەزارییە، پشتگیریی ئەو دەنگە ناڕەزاییانە دەکەین، کە دژی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بەرزدەکرێتەوە و سڵاو لەتێکۆشەران‌ و خەڵکی ناڕازیی دەکەین".

کێشەی کورد و ژنان لە ئێران دەبێت بە شێوازی گونجاو چارەسەر بکرێت
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "کێشەی کورد و ژنان لە ئێران دەبێت بە شێوازی گونجاو چارەسەر بکرێت، پرسە و سەرەخۆشیش لە بنەماڵە و گەلی کوردستان دەکەین".

دوای ئەوەی رۆژی 13ی ئەم مانگە ژینا ئەمینی کچە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاران لەلایەن پۆلیسی چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان بەتۆمەتی پابەندنەبون بە جلوبەرگی باڵاپۆشییەوە دەستبەسەرکرا و دواتریش لە گرتوخانە چوە کۆماوە و کۆچی دواییکرد، حکومەتی ئێرانیش بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە بکاتەوە.

ژینا ئەمینی رۆژی 13ی ئەیلول لەکاتێکدا لەگەڵ خێزانەکەی بەسەردانێک چونەتە تاران، بە تۆمەتی "پابەندنەبون رێکارەکانی باڵاپۆشیی"ەوە لەلایەن پۆلیسی چاودێریکردنی جلوبەرگی ژنان دەستبەسەرکراوە، دوای چەند کاتژمێرێکیش مانەوەی لە زیندان ژینا کەوتوەتە دۆخی بێهۆشی "کۆما" و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و له‌وێ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.