یەکێتی له‌ رێگه‌ی خه‌ندانه‌وه‌ هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی یاسای توندوتیژیی خێزانی ده‌خاته‌ڕو

09:35 - 24/09/2022

5489جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند، ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەکدا نابن کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت و رێزی ئایینەکانی تر و مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤیش دەگرن، ده‌شڵێت، "خەباتدەکەین لە پێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگای کوردی".

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا له‌باره‌ی هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، رایگه‌یاند، "هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی، کاردانەوەو گفتوگۆیەکی زۆری بەدوای خۆی دا هێناوە، ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکێتی هەڵوێستی پەرلەمانیمان لەسەر ئەم هەموارکردنەوەیە، بەمجۆرەیە، جەختدەکەینەوە کە سورین لەسەر رێگریکردن لەتوندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی بە هەمو شێوەیەک دژی ژن کوشتنین، لەگەڵ ئەوەشدا بڕوای تەواومان بە پاراستنی ئاشتی ئاسایش و سەقامگیری خێزانی هەیە و لە پرەنسیپە بنەرەتیەکانمانە و خەباتیشی لەپێناودا دەکەین".

خەباتدەکەین لە پێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگای کوردی
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "خەباتدەکەین لە پێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگای کوردی و بەرگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ لێکترازانی ئەندامانی خێزانەکان لەیەکتر".
 هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نیە
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ده‌ڵێت، "بەلای ئێمەوە هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نیە، توندوتیژی دژی ژنان، تاوانە و دژی داب و نەریت و کەلتوری  کوردەواری رەسەنن و لەو پیناوەشدا دەبێت یاساکانمان  لە خزمەتی ئەم ئاڕاستەیەدا ببن".
مێژوی کوردستان پڕە لە نمونەی ئاکاری جوانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا
باسی له‌وه‌شكردوه‌، "مێژوی کوردستان پڕە لە نمونەی ئاکاری جوانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا، ئەوەش ئەو کوردستانەیە کە یەکێتی لە پێناویدا خەبات دەکات، کوردستانێک کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی تێدابێت، بۆیە فراکسیۆنەکەمان هەمیشە لەم پێناوەدا کاردەکات، سەرباری ئەوەی دوپاتی دەکەینەوە ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەکدا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت و رێزی ئایینەکانی تر و مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤیش دەگرین". 
 یەکێتی، جەخت دەکات لەسەر پشتیوانیکردن لەسەر وتە و هەڵوێستی فەرمی سەرۆکی پەرلەمان
فراکسیۆنی یەکێتی ده‌ڵێت، "ئەگەر گومانێک هەبێت لە ھەر هەنگاوێک، یان پێشنیازە یاسایەک کە دژی ئەو پرەنسیپانەی سەرەوە بێت، بەدڵنیاییەوە فراکسیۆنی یەکێتی، جەخت دەکات لەسەر پشتیوانیکردن لەسەر وتە و هەڵوێستی فەرمی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پابەندبونی دامەزراوەکە بە بەها و بنەما سەرەکییەکانی شەریعەتی ئیسلامی، بۆیە داواکارین لەبەر ڕۆشنایی ئەو پابەندبونە، مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتو سەبارەت بە پێشنیازە یاساکە بکرێت، کە لە بنەڕەتدا خاڵی هاوبەش و هاوڕایی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بوە".

پڕۆژه‌ یاسای هه‌مواری یاسای توندوتیژیی خێزانی كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستانه‌ و هه‌فته‌ی رابردو گفتوگۆی چڕی له‌سه‌ر كرا، له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌نگدانه‌وه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ و هاوڵاتیانی بۆ دو به‌ره‌ی پشتیوان و دژ دابه‌شكرد، پڕۆژه‌كه‌ 31 په‌رله‌مانتار واژۆیان كردوه‌ كه‌ 24یان له‌ فراكسیۆنی پارتی، پێنج په‌رله‌مانتاریان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی و دو په‌رله‌مانتاریشیان له‌ پێكهاته‌كانن.

نیشانەکردن

یەکێتی