قه‌یس خه‌زعه‌لی: به‌بێ ره‌زامه‌ندی سه‌در حكومه‌تی نوێ شكستده‌هێنێت

09:54 - 23/09/2022

4316جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

قه‌یس خه‌زعه‌لی ئه‌مینداری گشتی بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌رگاكانی بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ هه‌مو هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌نێویاندا ره‌وتی سه‌در بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت كردوه‌ته‌وه‌، به‌بێ ره‌زامه‌ندی موقته‌دا سه‌دریش، حكومه‌تی داهاتو سه‌ركه‌وتو نابێت و شكست ده‌هێنێت".

قه‌یس خه‌زعه‌لی له‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فزیۆنیدا رایگه‌یاند، "ده‌رگای چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ته‌واوی كراوه‌یه‌ له‌به‌رده‌م ره‌وتی سه‌در و هه‌ر لایه‌نێكی دیكه‌ ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت یاخود نه‌یانه‌وێت به‌شداری له‌حكومه‌ت بكه‌ن، هه‌روه‌ها چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئاماده‌یه‌ وه‌ڵامی هه‌مو داواكارییه‌ لۆژیكیه‌كان بداته‌وه‌، چونكه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ دو قۆناغی هه‌م ئۆپۆزسیۆن و هه‌م پێكهێنه‌ری حكومه‌تدا تێپه‌ڕیوه‌".

ناكۆكیه‌كی سیاسی ئاشكرا هه‌یه‌، ئێمه‌ش كارمانكردوه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ناكۆكییه‌كان له‌ڕێگه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تێكی سه‌قامگیره‌وه‌

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ناكۆكیه‌كی سیاسی ئاشكرا هه‌یه‌، ئێمه‌ش كارمانكردوه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ناكۆكییه‌كان له‌ڕێگه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تێكی سه‌قامگیره‌وه‌، پێویسته‌ هه‌مو كه‌سێك به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵك بخاته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش گرنگه‌، به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌دام  لایه‌نی سیاسی هه‌یه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و هۆشیاری زاڵ بێت، وه‌ك چوارچێوه‌ی شیعه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ش به‌بێ ره‌زامه‌ندی موقته‌دا سه‌در حكومه‌تی داهاتو سه‌ركه‌وتو نابێت".

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پێشتر پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌لایه‌ن ره‌وتی سه‌دره‌وه‌ په‌سه‌ند كرد

ڕونیشیكرده‌وه‌، "چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی پێشتر پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی له‌لایه‌ن ره‌وتی سه‌دره‌وه‌ په‌سه‌ند كرد، ناوێكمان بۆ خرایه‌ڕو  و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ره‌تینه‌كرده‌وه‌، به‌ڵام ئێستا مافی گه‌وره‌ترین كوتله‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران دیاری بكات و هه‌مو بابه‌ته‌كانیش جێگه‌ی گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتن بون له‌رابردودا به‌ڵام ئه‌مه‌ روینه‌دا و گفتوگۆكان ئه‌نجامیان نه‌بو".

دوای كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له‌ په‌رله‌مان هاوكێشه‌كه‌ی په‌رله‌مان جیاواز بوه‌

سه‌باره‌ت به‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، قه‌یس خه‌زعه‌لی وتی، "دوای كشانه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له‌ په‌رله‌مان هاوكێشه‌كه‌ی په‌رله‌مان جیاواز بوه‌، هه‌مو هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختدا نین".

 

قەیس خەزعەلی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "ئێستا ره‌وتی سه‌در له‌ په‌رله‌مان كشاوه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش سروشتیه‌و سه‌رجه‌میان خانه‌نشین ده‌كرێن، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بون له‌ په‌رله‌مان به‌مانای نه‌بونی نوێنەرایەتی لە حکومەت نایه‌ت، ناتوانرێت کاتژمێر بگەڕێندرێتەوە دواوە به‌مه‌به‌ستی گەڕاندنەوەی په‌رله‌مانتاره‌كانی ره‌وتی سه‌در بۆ پەرلەمان، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ش جگە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە هیچ چارەسەرێک نییە".