یه‌كێتی زانایان: پێشنیازه‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزان و ئافره‌ت لێكه‌وته‌ی خراپی ده‌بێت

04:26 - 23/09/2022

1160جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كورستان، پێشنیازه‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزان و ئافره‌ت ره‌تده‌كاته‌وه‌ و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "داواكارین له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌ی ناواقعی و نه‌گونجاو به‌ كلتور و واقعی میلله‌ته‌كه‌مان نه‌خاته‌ به‌رنامه‌ی كارو هه‌وڵی به‌ یاساكردنی نه‌دات، چونکە ئەو پرۆژانە ئه‌گه‌ری لێكه‌وته‌ی خراپيشی بۆ سه‌ر شیرازه‌ی خێزان هه‌یه‌".

له‌ یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كورستان له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازه‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزان و ئافره‌ت بڵاویكرده‌وه‌، "دوای گه‌نگه‌شه‌كردنی پرۆژه‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزان و ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، لێكه‌وته‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی خراپی لێكه‌وته‌وه‌، ئێمه‌ له‌ یه‌كێتی زانایان  له‌روانگه‌ی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی و ئه‌ركی پیشه‌یی خۆمان چاومان به‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ كه‌وتوه‌".

ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام ناگونجێت

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، دوای خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواداچون بۆمان ده‌ركه‌وتوه‌، كه‌ ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی شه‌ریعه‌تی ئیسلام ناگونجێت و پێچه‌وانه‌ی نه‌ریت و واقعی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌و ئه‌گه‌ری لێكه‌وته‌ی خراپی بۆ سه‌ر شیرازه‌ی خێزان هه‌یه‌".

داواكارین له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌ی ناواقعی و نه‌گونجاو به‌ كلتور و واقعی میلله‌ته‌كه‌مان نه‌خاته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان باسی له‌وه‌شكردوه‌، "داواكارین له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پرۆژه‌ی ناواقعی و نه‌گونجاو به‌ كلتور و واقعی میلله‌ته‌كه‌مان نه‌خاته‌ به‌رنامه‌ی كارو هه‌وڵی به‌ یاساكردنی نه‌دات، چونكه‌ ده‌ركردنی یاسا بۆ خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ نه‌ك زیاتر كردنی ئاریشه‌".

21ی ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ى دوه‌می بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت لە هەرێمی كوردستان كرد، ئه‌و پێشنیازه‌ یاسایه‌ش زۆرترین كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌گوێره‌ی یه‌كێك له‌بڕگه‌كانی پێشنیازه‌ یاساكه‌ش، زۆرلێكردنی پیاو بۆ سه‌رجێییكردن له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی، به‌توندوتیژی داده‌نرێت.