به‌رگری روسیا: زیاتر له‌ 500 سه‌ربازی ئۆكرانیا كوژراون

03:22 - 23/09/2022

1150جار خوێندراوەتەوە

ئیگۆر كۆناشینكۆڤ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا

خه‌ندان-

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا ئه‌مڕۆ هه‌ینی رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی زاپۆریژا و هه‌رێمی دنێتسك توانیویانه‌ 510 سه‌ربازی هێز و كه‌تیبه‌ بیانییه‌كانی ئۆكرانیا بكوژن، هه‌روه‌ها سێ فڕۆكه‌ی سه‌ربازی هێرشبه‌ریشیان خستوه‌ته‌خواره‌وه‌.

به‌پێی تۆڕی هه‌واڵی Russia Today، ئیگۆر كۆناشینكۆڤ، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ته‌نها به‌ربه‌یانی ئه‌مڕۆ هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی توانیویانه‌ زڤیانێكی زۆری گیانی و سه‌ربازی به‌ سوپای ئۆكرانیا بگه‌یه‌نن.

220 سه‌ربازی سوپای ئۆكرانیا له‌ هه‌رێمی دنێتسك كوژران
وتیشی، "به‌هۆی هێرشێكی وردی كه‌تیبه‌ موشه‌كهاوێژه‌كانمان (هاژه‌ك) له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی دنێتسك، كوژرانی 220 سه‌ربازی ئۆكرانیای لێكه‌وته‌وه‌ و له‌ شاری سلۆڤیانێك-یش 100 سه‌ربازی دیكه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كوژران.
له‌ زاپۆریژا 190 سه‌ربازی ئۆكرانیا كوژران
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "له‌ ناوچه‌كانی زاپۆریژا-ش له‌ رێگه‌ی به‌ ئامانجگرتنی پێگه‌ی هێزه‌كانی ئۆكرانیا زیاتر له‌ 190 سه‌رباز كوژران كه‌ به‌شێكی زۆریان سه‌ر به‌و هێزانه‌بون كه‌ پشتگیرییان له‌ هێزه‌كانی روسیا و كه‌تیبه‌ بیانییه‌كان ده‌كرد".
سێ فڕۆكه‌ی هێرشبه‌ری ئۆكرانیا خراونه‌ته‌ خواره‌وه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی وڵاته‌كه‌مان توانیویانه‌ سێ فڕۆكه‌ی هێرشبه‌ری ئۆكرانی له‌ جۆره‌كانی (Mikoyan MiG-29 و  Sukhoi Su-25) تێكبشكێنن".
سیستمی به‌رگری ئاسمانی روسیا به‌رپه‌رچی 42 تۆپهاوێژ و موشه‌كهاوێژ (هاژه‌ك) بوه‌ته‌وه‌
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "زیاتر له‌ 19 فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی سوپای ئۆكرانیامان تێكشكاندوه‌ و سیستمی به‌رگری ئاسمانی وڵاته‌كه‌شمان توانیویه‌تی به‌رپه‌رچی 42 تۆپهاوێژ و موشه‌كهاوێژ (هاژه‌ك) ببێته‌وه‌".