عه‌لی حه‌مه‌ساڵح وه‌ڵامی عه‌بدولله‌تیف سه‌له‌فی ده‌داته‌وه‌

02:15 - 23/09/2022

14730جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌یاسای پاراستنی خێزان وه‌ڵامی عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌حمه‌د سه‌له‌فی یه‌كێك له‌ رابه‌رانی سه‌له‌فیه‌ت ده‌داته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت، " ئێمه‌ جوهدی خۆمان كردوه‌و ده‌كه‌ین بۆ ڕێگریكردن له‌ ده‌رچونی ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌".

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ وه‌ڵامێكدا بۆ عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌حمه‌د سه‌له‌فی رایگه‌یاندوه‌، "ئێمه‌ جوهدی خۆمان كردوه‌و ده‌كه‌ین بۆ ڕێگریكردن له‌ ده‌رچونی ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌،  پشتیوان به‌خودا ئه‌نجامی ده‌بێت، پاراستنی خێزان و كۆمه‌ڵگاو به‌ها باڵاكانی به‌ ئه‌مانه‌ت ده‌بینین له‌گه‌ردنی خۆمان".

 ده‌یان هه‌زار خه‌ڵكی باش و خاوه‌ن هه‌ڵوێست به‌شداری ده‌نگدان بكات یان نا، په‌رله‌مان هه‌ر هه‌یه‌

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌په‌یامه‌كه‌یدا ده‌شڵێت، "منیش داوایه‌كم  له‌ به‌ڕێزتان هه‌یه‌، ئێوه‌ به‌شداری ده‌نگدان بكه‌ن  یان نا، ده‌یان هه‌زار خه‌ڵكی باش و خاوه‌ن هه‌ڵوێست به‌شداری ده‌نگدان بكات یان نا، په‌رله‌مان هه‌ر هه‌یه‌، ئایا بێ لایه‌نی یان نه‌چون بۆ ده‌نگدان و ساردكردنه‌وه‌ی  خه‌ڵك باشه‌، یان پشتیوانی خه‌ڵكانێك بكه‌ن كه‌ به‌رگری له‌ به‌ها باڵاكانی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بكات و دژی زوڵم بێت".

 دڵنیابن زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن و به‌ر نه‌فره‌تی خودا و میلله‌ته‌كه‌شتان ده‌كه‌ون

پێشتر عه‌بدوللـه‌تیف ئه‌حمه‌د یه‌كێك له‌ رێبه‌رانی ره‌وتی سه‌له‌فیه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، زۆر عه‌یب و كاره‌ساته‌ په‌رله‌مان پڕۆژه‌ نه‌مێنێت كاری له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ بكات، ئه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵام "دڵنیابن زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ ده‌كه‌ن و به‌ر نه‌فره‌تی خودا و میلله‌ته‌كه‌شتان ده‌كه‌ون".

21ی ئه‌م مانگه‌ په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ى دوه‌می بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت لە هەرێمی كوردستان كرد، ئه‌و پێشنیازه‌ یاسایه‌ش زۆرترین كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌گوێره‌ی یه‌كێك له‌بڕگه‌كانی پێشنیازه‌ یاساكه‌ش، زۆرلێكردنی پیاو بۆ سه‌رجێییكردن له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی، به‌توندوتیژی داده‌نرێت.