ریفراندۆمه‌كه‌ی روسیا له‌ باشور و رۆژئاوای ئۆكرانیا ده‌ستیپێكرد

09:15 - 23/09/2022

2617جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌مڕۆ هه‌ینی ریفراندۆمی لکاندنی ئۆکرانیا به‌ ناوچه‌كانی روسیاوه‌ دەستیپێکرد، به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه‌ ئێستا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی سوپای روسیادان، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن کیێڤ و وڵاتانی رۆژئاوا ره‌تده‌كرێته‌وه‌.

كاتژمێر 5:00ی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ریفراندۆم ده‌ستیپێكرد، بڕیاریشە تا 27ی (ئەیلول/9)ی 2022 لە دۆنێتسک و لۆهانسک به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها ناوچەکانی خێرسن و زاپۆریژا بگرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا شه‌ڕ و پێكدادان له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی تێدا ئه‌نجامده‌درێت به‌رده‌وامه‌.

ریفراندۆم له‌ دۆنێتسک بۆ بون به‌ به‌شێك له‌خاكی روسیا ئه‌نجامده‌ده‌ن

سه‌رۆك و رابه‌ری كۆماری گه‌لی دۆنێتسک رایگه‌یاندبو، 23 بۆ 27 ئه‌م مانگه‌ پڕۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كۆماره‌كه‌یان بۆ بون به‌ به‌شێك له‌خاكی روسیا ئه‌نجامده‌ده‌ن و پاش راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانیش سوپای روسیا پارێزگاری له‌ سنوره‌كانی ئه‌و كۆماره‌ نوێیه‌یان ده‌كات.

ریفراندۆم به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و ئامانجه‌كانی كیێڤ ناكات

له‌به‌رامبه‌ریشدا، ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكی رایگه‌یاند،  ئه‌و بانگه‌واز و راگه‌یه‌ندراوانه‌ی باس له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و ئامانجه‌كانی كیێڤ ناكات.

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر بستێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین

وتیشی، "بۆچون و هه‌ڵوێست و هه‌روه‌ها بیروڕاكانیشمان له‌باره‌ی وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر بستێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین و ئه‌وه‌شی لێره‌ و له‌وێ بڵاوده‌كرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئازادكردنی ته‌واوی خاكی وڵاته‌كه‌مان نابێت".

نیشانەکردن

روسیا