هەواڵی ئەمڕۆ

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا: پێویسته‌ لێپرسینه‌وه‌ی جیهانی له‌ پوتن بكرێت

10:22 - 22/09/2022

2606جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ئه‌نتۆنی بلینكن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوای له‌ وڵاتانی جیهان كرد، لێپرسینه‌وه‌ له‌ ڤلادمیر پوتن سه‌رۆكی روسیا بكه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر له‌شكركێشیه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ئۆكرانیا و رایگه‌یاند، "كۆده‌نگی هه‌یه‌ بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی شه‌ڕی ڕوسیا له‌ ئۆكرانیا".

ئه‌نتۆنی بلینكن له‌ وتارێكدا له‌ میانی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ نوێنه‌ری ڕوسیا ئاماده‌ی بو، وتی، "ئه‌و نه‌زمه‌ جیهانییه‌ی كه‌ لێره‌ كۆمان كردۆته‌وه‌ بۆ پشتگیریكردن له‌به‌ر چاوی ئێمه‌دا له‌ناو ده‌چێت، ئێمه‌ ناتوانین و رێگه‌ش به‌ پوتن ناده‌ین كه‌ له‌ لێپرسینه‌وه‌ ڕزگاری ببێت".

به‌رده‌وام ده‌بین له‌ یارمه‌تیدانی ئۆكرانیا بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆی

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "كۆده‌نگی هه‌یه‌ بۆ سه‌ركۆنه‌كردنی شه‌ڕی ڕوسیا له‌ ئۆكرانیا، به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ یارمه‌تیدانی ئۆكرانیا بۆ به‌رگریكردن له‌ خۆی".

پوتن هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كات

باسی له‌وه‌شكرد، پوتن هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌كات و ده‌بێت هه‌مو ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان داوای ڕاگرتنی خێرای ئه‌و جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌ بكه‌ن، "ڕوسیا به‌رده‌وامه‌ له‌ بۆردومانكردنی زه‌وی و فرۆشگاكانی دانه‌وێڵه‌، ئه‌مه‌ش قه‌یرانی خۆراك له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا زیاد ده‌كات، هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌كانی ڕوسیا له‌ ئۆكرانیا زیاتر شكستیان پێده‌گات، زیاتر كاری دڕنده‌یی به‌رامبه‌ر ئۆكرانییه‌كان ئه‌نجامده‌ده‌ن".

پوتن هه‌وڵی فراوانكردن و په‌ره‌سه‌ندنی و ئاڵۆزكردنی ململانێكان ده‌دات

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا باسی له‌وه‌شكرد، "پوتن به‌ ڕاگه‌یاندنی كۆكردنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی و به‌ره‌و لكاندنی به‌شێك له‌ ئۆكرانیا هه‌وڵی فراوانكردن و په‌ره‌سه‌ندنی و ئاڵۆزكردنی ململانێكان ده‌دات".

پێشتریش ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌ئاماده‌بونی نوێنه‌رانی باڵای روسیا و ئه‌مریكا له‌كاتی ده‌ستپێكردنی كۆبونه‌وه‌ی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی داوایكرد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ شه‌ڕی "دڕندانه‌"ی ئۆكرانیا بكرێت و وتی، "راپۆرته‌كانی ده‌زگاكانی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان "ئاستی دڕنده‌ییه‌كان نیشانده‌ده‌ن، وه‌ك له‌سێداره‌دان، توندوتیژی سێكسی، ئه‌شكه‌نجه‌دان و كاره‌ نامرۆڤانه‌ و سوكایه‌تیپێكه‌ره‌كانی دیكه‌ دژی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و دیله‌كانی جه‌نگ له‌لایه‌ن روسیاوه‌".

نیشانەکردن

روسیا ئه‌مریكا