هەواڵی ئەمڕۆ

وه‌زاره‌تێكی هه‌رێم فێلێك له‌ دامه‌زراندنه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكراده‌كات

08:56 - 22/09/2022

3722جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی 30 كه‌س بۆ سه‌نته‌ری ئۆتیزم و شیاندنی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شێوه‌ی خاڵبه‌ندی و ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چو، به‌ڵام سێ كه‌س له‌ شوێنی نیشته‌جێبون و خاڵبه‌ندیه‌كانیش فێڵ و ناڕاستیان كردوه‌، بۆیه‌ ناوه‌كانیان له‌ لیستی دامه‌زراندنه‌كه‌ لاده‌برێت.

وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، سه‌باره‌ت  به‌ دامه‌زراندنی 30  كه‌س بۆ هه‌ردو سه‌نته‌ری ئۆتیزم و شیاندنی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ڕێگای ئۆنلاین و به‌ خاڵ و به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر دادپه‌ره‌وه‌رانه‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چو، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ زانیاریمان پێگه‌ییشت كه‌ سێ كه‌س له‌وانه‌ی  به‌پێی خاڵبه‌ندی دامه‌زراون ناڕاستیان له‌گه‌ڵ كردوین و دانیشتوی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ نین له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ پشتگیریشیان بۆ كراوه‌ كه‌ دانیشتوی هه‌ڵه‌بجه‌ن".

هه‌ركه‌سێك سكاڵای هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ ناوی نه‌هاتۆته‌وه‌ سه‌ردانی دیوانی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بكات

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "هه‌ركه‌سێك سكاڵای هه‌یه‌ له‌وه‌ی كه‌ ناوی نه‌هاتۆته‌وه‌ سه‌ردانی دیوانی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بكات تا هه‌مو به‌ڵگه‌نامه‌كانی بخه‌ینه‌به‌رده‌ست، ئه‌و ناوانه‌شی كه‌ دانیشتوی هه‌ڵه‌بجه‌ نین ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ناوه‌كانیان لا ده‌برێت و به‌ پێی ڕیزبه‌ندی شوێنه‌كانیان پڕده‌كرێته‌وه‌".

ئه‌و كه‌س و دامه‌زراوانه‌ش كه‌ پشتگیری ناڕاستیان كردوه‌ ده‌یانخه‌ینه‌ به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌

سه‌باره‌ت به‌چاره‌نوسی ئه‌و كه‌سانه‌ی پشتگیری ناڕاستیان بردوه‌ و خۆیان به‌جۆرێك نیشانداوه‌ كه‌ نیشته‌جێی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ن، وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئه‌و كه‌س و دامه‌زراوانه‌ش كه‌ پشتگیری ناڕاست و فێڵیان كردوه‌ ده‌یانخه‌ینه‌ به‌رده‌م لێپرسینه‌وه‌".

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم

بەپەلە