هەواڵی ئەمڕۆ

كونسوڵی هیندستان بۆ حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید: ده‌مه‌وێت كلتوری پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێم بگه‌یه‌نمه‌ وڵاته‌كه‌م

07:14 - 22/09/2022

1062جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

كونسوڵی گشتی هیندستان له‌ هه‌ولێر بانگهێشتنامه‌ی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌شداریكردنی گروپێكی هونه‌ره‌ میلییه‌كانی هه‌رێم گه‌یانده‌ حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم و رایگه‌یاند، "ده‌مه‌وێت ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان و كلتوری پێكه‌وه‌ ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م هه‌رێمه‌ بگه‌یه‌نمه‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌م".

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، پێشوازی له‌ سوباش سی كه‌ین كونسوڵی گشتی هیندستان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و له‌ دیدارێكدا، كونسوڵی گشتی، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان كرد كه‌ پارساڵ به‌بۆنه‌ی رۆژی نیشتمانی هیندستانه‌وه‌ هاوكاری كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان بوه‌ له‌ پێشوازی گروپێكی سه‌مای هیندستان كه‌ له‌پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و له‌شاری سلێمانیش چالاكیان نواند.

ئامانجێكی سه‌ردانه‌كه‌ی كونسوڵی هیندستان، پرۆژه‌ی به‌شداریكردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت بو له‌ كۆمه‌ڵێك وۆرك شۆپی تایبه‌ت له‌ وڵاتی هیندستان
هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، كونسوڵی هیندستان له‌ هه‌ولێر ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی خسته‌ڕو كه‌ دو به‌ش بو، یه‌كه‌میان بانگهێشتكردنی گروپێكی هونه‌ره‌ میلییه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ چالاكییه‌كی هونه‌ری له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ئیمساڵدا، دوه‌میش پرۆژه‌ی به‌شداریكردنی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت له‌ كۆمه‌ڵێك وۆرك شۆپی تایبه‌ت له‌ وڵاتی هیندستان".
به‌شداریكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌ خول و وۆرك شۆپه‌ جیهانییه‌كاندا ده‌بێت به‌جۆرێك بێت كه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بتوانن كه‌سانی دیكه‌ فێر بكه‌ن 
له‌ به‌رامبه‌ردا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، پێداگری له‌ سه‌ر بایه‌خ و رۆڵی كاری هاوبه‌ش و تێكه‌ڵاوی كلتوری له‌نێوان هیندستان و هه‌رێمی كوردستان كرد و وتی، "به‌شداریكردنی فه‌رمانبه‌ران له‌ خول و وۆرك شۆپه‌ جیهانییه‌كاندا ده‌بێت به‌جۆرێك بێت كه‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌یان بتوانن كه‌سانی دیكه‌ فێر بكه‌ن و سودی بۆ كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌ی هه‌بێت".
وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌ بایه‌خه‌وه‌ گرنگی به‌ تێكه‌ڵاوی كلتوری گه‌لی كوردستان و ته‌واوی كه‌لتوره‌كانی دیكه‌ ده‌دات
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان باسی له‌ شاره‌زایی گه‌لی كوردستان كرد سه‌باره‌ت به‌ كه‌لتوری وڵاتی هیندیستان له‌ڕێگه‌ی په‌خش و وه‌رگێڕانی فیلمه‌ هیندییه‌كانه‌وه‌ و وتی، "وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری به‌ بایه‌خه‌وه‌ گرنگی به‌ تێكه‌ڵاوی كلتوری گه‌لی كوردستان و ته‌واوی كه‌لتوره‌كانی دیكه‌ ده‌دات، به‌مه‌به‌ستی ناساندی به‌ گه‌لانی جیهان".

سوباش سی كه‌ین كونسوڵی گشتی هیندستان له‌ هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، "له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربونمه‌وه‌ رامگه‌یاندوه‌، ده‌مه‌وێت ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان و كلتوری پێكه‌وه‌ ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌م هه‌رێمه‌ بگه‌یه‌نمه‌ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌م و ئه‌م هه‌نگاوانه‌ به‌شێكن له‌و پرۆژه‌ و پلانه‌".

نیشانەکردن

هیندستان