هەواڵی ئەمڕۆ

ئه‌مریكا سزای نوێی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند

06:19 - 22/09/2022

3763جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، بڕیاریانداوه‌ پۆلیسی ره‌وشت و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی ئه‌منی كۆماری ئیسلامی ئێران بخه‌نه‌ لیستی سزاكانیانه‌وه‌.
 
جانێت یلین، وه‌زیری گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێدا بڵاویكرده‌وه‌، "سزا نوێیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆسه‌ر ئێران پۆلیسی ره‌وشت و و به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئه‌منی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌نه‌ ئامانج كه‌ به‌رپرسن له‌سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران، هه‌روه‌ها پابه‌ندبونی رونی ئیداره‌ی جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا و هاریس كامالای جێگری سه‌رۆك بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و ژنان له‌ ئێران و جیهاندا دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌".

رۆژی شه‌ممه‌ (17ی ئه‌یلول) ته‌رمی ژینا ئه‌مینی له‌ سه‌قز به‌خاكسپێردرا

ئه‌م هه‌نگاوه‌ ئه‌مریكا دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی 13ی ئه‌م مانگه‌ ژینا ئه‌مینی كچه‌ كوردی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ تاران له‌لایه‌ن پۆلیسی چاودێریكردنی جلوبه‌رگی ژنان (پۆلیسی ره‌وشت) به‌تۆمه‌تی پابه‌ندنه‌بون به‌ جلوبه‌رگی باڵاپۆشییه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرا و دواتریش له‌ گرتوخانه‌ چوه‌ كۆماوه‌ و گیانی له‌ده‌ستدا، رۆژی شه‌ممه‌ (17ی ئه‌یلول) ته‌رمی ناوبراو له‌ سه‌قز به‌خاكسپێردرا و حكومه‌تی ئێرانیش بڕیاریدا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسییه‌كه‌ بكاته‌وه‌.

كچی ئێوه‌ وه‌ك كچی من وایه‌ و هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م ڕوداوه‌ به‌سه‌ر یه‌كێك له‌ ئازیزانمدا هاتوه‌

رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ش، ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆك كۆماری ئێران په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی ژینا ئه‌مینی ئه‌نجامدا و رایگه‌یاند، فه‌رمانی به‌ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كردوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چۆنیه‌تی گیانله‌ده‌ستدانی ژینا بكه‌ن و ڕه‌هه‌نده‌كانی روداوه‌كه‌ بۆ رایگشتی رون بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ "كچی ئێوه‌ وه‌ك كچی من وایه‌ و هه‌ست ده‌كه‌م ئه‌م ڕوداوه‌ به‌سه‌ر یه‌كێك له‌ ئازیزانمدا هاتوه‌".

گیانله‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندانی به‌رفراوانی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ پارێزگاكانی ئێران لێكه‌وته‌وه‌ و تاوه‌كو ئێستاش گرژی و ئاڵۆزیه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌.

نیشانەکردن

ئه‌مریكا ئێران