کرملین: بەشێکی دیکە لە هێزەکانی روسیا بەرەو ئۆکراینا جوڵەیان پێدەکرێت

02:23 - 22/09/2022

5507جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

وتەبێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی روسیا (کرملین) رایگەیاند، لەسەر بڕیاری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی وڵاتەکەیان بەشێکی دیکە لە هێزەکانی روسیا بۆ ئۆکراینا جوڵەیان پێدەکرێت، بەهۆی بڕیارەکەش دۆخی ئۆپراسیۆنی سەربازی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا ناگۆڕێت و ئەو هەنگاوە بە مانای راگەیاندنی جەنگ نایەت.

 ئەو هەنگاوە بە مانای راگەیاندنی جەنگ نایەت
دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی روسیا (کرملین) لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرەڕای بڕیاری رەوانەکردنی هێزی سەربازی زیاتری وڵاتەکەیان بۆ ئۆکرانیا و راگەیاندنی باری جەنگ کە بەهۆیەوە 300 هەزار سەربازی یەدەگی دیکە دەچنە مەیدانی جەنگ، بەڵام تائێستاش بونی وڵاتەکەیان لە ئۆکرانیا لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێکی تایبەتی سەربازیدایە و وەک جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن.
 دۆخی ئۆپراسیۆنەکەمان لە ئۆکرانیا گۆڕانکاری بەسەردا نایەت
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک لەم کاتەدا نایانەوێت بێنەناو ریزەکانی سوپا، دەتوانن داواکارییەک پێشکەش بە حکومەت بکەن، جەختیش دەکاتەوە کە دۆخی ئۆپراسیۆنەکەیان لە ئۆکرانیا گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
300 هەزار سەربازی یەدەگ دەخرێنە حاڵەتی ئامادە باشییەوە 
بەگوێرە فەرمانێکی سەرۆکایەتی روسیا زیاتر لە 300 هەزار سەربازی یەدەگ بەمەبەستی بەشداریکردن لە شەڕی ئۆکرانیا بانگهێشتی ریزەکانی سوپا دەکرێنەوە، کە ئەو ژمارەیەش بریتییە لە 1%ی کۆی سەربازی یەدەگی روسیا کە ژمارەکەیان 25 ملیۆن کەسە.
وڵاتانی رۆژئاوا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت ئاشتی له‌ نێوان مۆسكۆ و كیێڤ به‌رقه‌راربێت
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی روسیا دوێنێ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان هه‌مو هه‌نگاوێك ده‌نێن له‌ پێناو پاراستنی خاكی مۆسكۆ و له‌ 2014وه‌ ئۆكرانیا ده‌ستی به‌م جه‌نگه‌ كردوه‌، هه‌روه‌ها پشتگیریش له‌ خواسته‌كانی په‌رله‌مانی دۆنباس بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌كات، "وڵاتانی رۆژئاواش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت ئاشتی له‌ نێوان مۆسكۆ و كیێڤ به‌رقه‌راربێت".