دوایین زانیاری لەبارەی کۆبونەوەکەی حەنانە؛ "سەدر دەرگای گفتوگۆی داخست"

12:17 - 22/09/2022

7500جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر

خەندان-

قەیرانی سیاسی عێراق لە ساڵێک دوای هەڵبژاردنەکەی 10ی تشرینی یەکەم نزیک دەبێتەوە و تادێت ئومێد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سیاسی لاوازتر دەبێت، بەتایبەت کە پێشبینی دەکرا دوای چلەی ئیمامی حسێن لایەنەکان لە حەنانە لەگەڵ رێبەری رەوتی سەدر کۆببنەوە، بەڵام موقتەدا سەدر دو داواکاری کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنەکان و شاندێکی ئێرانی رەتکردوەتەوەو ئامادە نییە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیش گفتوگۆ بکات.

لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی باس لەوە دەکەن ئەوان بەبێ رەوتی سەدریش پێداگرن لەسەر پێکهێنانی حکومەت و تاکە کاندیدیشیان محەمەد شیاع سودانییە بەبێ ئەوەی تەمەن و کارنامەی حکومەتەکە ئاشکرابکەن، بەڵام هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان و لایەنە کوردییەکان ئاماژە بەوە دەکەن بەبێ لێکتێگەیشتن لەگەڵ رەوتی سەدر، ئامادە نین بەشداری پێکهێنانی حکومەتی نوێ بکەن، چونکە ئەو هەنگاوە دەبێتە جۆرێک لە سەپاندنی ئیرادە و ناکۆکییەکانیش زیاتر دەکات.

سەدر پێشوازی لە هیچ کەسێک ناکات


تائێوارەی دوێنێ چوارشەممە هادی عامری، نوێنەری سیاسی چوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانیوە رەزامەندی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بۆ کۆبونەوە و سەردانیکردنی حەنانە وەربگرێت، کە بڕیاربو لەگەڵ هەریەک لە محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی ماڵەکەی سەدر بکەن لە نەجەف، ئەوەش وایکردوە محەمەد حەلبوسی بۆ "دروستنەبونی گرژی زیاتر لەگەڵ رەوتی سەدر"، رەتیکردوەتەوە کۆبونەوەکانی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە.

سەدر دەرگای گفتوگۆی بەڕوی هەمو جوڵەیەکی سیاسیدا داخستوە

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ماڵپەڕی "العربي الجديد"ـی راگەیاندوە، تائێستا هیچ بەرەو پێشچونێک نیە بۆ سەردانیکردنی هادی عامری،  محەمەد حەلبوسی و نێچیرڤان بارزانی بۆ لای موقتەدا سەدر، چونکە رێبەری رەوتی سەدر دەرگای گفتوگۆی بەڕوی "هەمو جوڵەیەکی سیاسی داخستوە".

 

رەوتی سەدر: رێگە بە کۆبونەوەی پەرلەمان نادەین 

 

لەبارەی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، سەرکردەیەکی رەوتی سەدر کە نەیویستوە ناوی ئاشکرابکرێت بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندوە، هەڵوێستی رەوتی سەدر نەگۆڕە و پێکهێنانی حکومەت لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە رەتدەکاتەوە، هەروەها رەوتەکەیان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت دەکات.

سەپاندنی هاوکێشەی براوە و دۆڕاو قبوڵناکەین 

ئەوەشی خستوەتەڕو، رەوتەکەیان لەرێگەی هاتنەسەر شەقام و خۆپیشاندانی فراوانەوە، رێگری لە هەر کۆبونەوەیەکی پەرلەمان دەکات بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، "هەروەها هەوڵدان بۆ سەپاندنی هاوکێشەی براوە و دۆڕاو لەلایەن ژمارەیەک لایەنی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە، بەهیچ شێوەیەک لای لایەنگرانی رەوتی سەدر قبوڵکراو نیە".

 

کۆبونەوەی پەرلەمان ئەنجامنادرێت 

 

لای خۆیەوە ئیحسان شمری، سەرۆکی ناوەندی بیری سیاسی ئاماژەی بەوەکردوە، چوارچێوەی هەماهەنگیی هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ ئەوەی پێش سەرەتای مانگی داهاتو کۆبونەوەکانی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەت دەستپێبکاتەوە، بەتایبەت کە تشرینییەکان بڕیاریانداوە لە سەرەتای مانگی داهاتو خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزایی دەستپێبکەن، بۆیە چوارچێوەی هەماهەنگیی دەیەوێت بەخێرایی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت بگەیەنێتە ئەنجام.

کۆبونەوەی پەرلەمان لەو نزیکانە بەدور دەزانرێت

لەبارەی کۆبونەوەی پەرلەمانیش ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت،  چوارچێوەی هەماهەنگیی ترسی ئەوەی هەیە رێککەوتنێک لەنێوان رەوتی سەدرو تشرینییەکان هەبێت بۆ قۆناغی داهاتو، بەهۆی ئەوەش تائێستا لایەنەکانی دیکە وەڵامی هەوڵەکەی چوارچێوەی هەماهەنگییان نەداوەتەوە، بۆیە کۆبونەوەی پەرلەمان لەو نزیکانە بەدور دەزانرێت.