له‌ روداوێكی هاتوچۆدا پێنج كه‌س له‌ هه‌رێمی كوردستان گیانیان له‌ده‌ستدا

11:24 - 22/09/2022

5532جار خوێندراوەتەوە

دیمەنی روداوەکەی خەلەکان

خه‌ندان-

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە روداوێکی هاتوچۆ لەجۆری پێکدادان لە نزیک گوندی شێخ مەنسوریانی سەر بە قەزای دوکان رویدا و لە ئەنجامدا پێنج کەس گیانیانلەدەستدا و دو کەسی دیکەش برینداربون،  قائیمقامی قه‌زای دوكانیش داوا دەکات حکومەتی هەرێم لە زوترین کاتدا رێگەی دو سایدی رانیە-دوکان تەواو بکات تا چیتر "کارەساتی" لەو جۆرە دوبارە نەبێتەوە.

لە روداوەکەدا پێنج کەس گیانیانلەدەستداوە

سیروان سه‌رحه‌د قائیمقامی قه‌زای دوكان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، بەیانی ئەمڕۆ روداوێکی هاتوچۆ لەجۆری پێکدادان لە نزیک گوندی شێخ مەنسوریان سەر بە ناحیەی خەلەکان رویدا و لە ئەنجامدا پێنج کەس گیانیانلەدەستدا و دو کەسی دیکەش بریندابون.

ئەوانەی گیانیانلەدەستداوە چوار کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بون

ئاماژەی بەوەشکرد، روداوەکە لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکەب تۆیۆتا رویداوە، ئەوانەشی گیانیانلەدەستداوە چوار کەسیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بون و کەسی پێنجەمیش خەڵکی سلێمانی بوە، ئەو خێزانە بەمەبەستی گەشتکردن بەرەو هەولێر رۆیشتون و لەرێگەدا توشی روداوەکە بون.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە زوترین بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی دو سایدی رانیە -دوکان تەرخانبکات

قائیمقامی قه‌زای دوكان روداوەکەی بە "کارەساتێکی گەورە" ناوبرد و بانگەوازی ئاڕاستەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم کرد بۆ تەواوکردنی رێگەی دو سایدی رانیە-دوکان و ئاماژەی بەوەکرد، داوا دەکات وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە زوترین بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی ئەو رێگایە تەرخانبکات کە رۆژانە چەندین هاوڵاتی بەهۆی خراپی رێگای رانیە-دوکانەوە گیانلەدەستدەدەن، 

هۆکارەکەی بۆ خراپی رێگاوبانەکان و پابەندنەبونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەگەڕێننەوە

روداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە سەرەکیترین روداوەکانی مردن لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت و شارەزایانی هاتوچۆش هۆکارەکەی بۆ خراپی رێگاوبانەکان و پابەندنەبونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەگەڕێننەوە.