هەواڵی ئەمڕۆ

کەشناسی وادەی کۆتاییهاتنی تەپوتۆز و یەکەم شەپۆلی بارانبارینی راگەیاند

09:48 - 22/09/2022

6530جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی رایگەیاند، لە دوێنێوە شەپۆلێکی ناجێگێربونی کەشوهەوا کە هاوکاتە لەگەڵ سەرەتای وەرزی پایز هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە لە ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین، کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکەش بارانباریوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمشەو ئەو شەپۆلی تەپوتۆز و بارانبارینە کۆتایی بێت و سبەی هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت.

خێرایی با چالاک بوە و تەپوتۆز و خۆڵی لەگەڵ خۆیدا هێناوە
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە خەندان-ی راگەیاند، لە دوێنێوە ناوچەکە بەگشتی ناجێگێربونی کەشوهەوای بەخۆیەوە بینیوە، ئەویش لە دەرئەنجامی کاریگەری هاتنی نزمەپاڵەپەستۆیەک، بەوهۆیەش خێرایی با چالاک بوە و تەپوتۆز و خۆڵی لەگەڵ خۆیدا هێناوە.
 بارانبارین بەڕێژەی جیاواز و بەشێوەی هەڕەمەکیی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەی کەشوهەواش، بارانبارین بەڕێژەی جیاواز و بەشێوەی هەڕەمەکیی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە، هەروەها لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز دۆخی کەشوهەوا بەخێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و پلەکانی گەرماش بەبەردەوامی بەرز و نزم دەبنەوە، بەجۆرێک وەرزەکە بە ناجێگێربونی کەشوهەواکەی دەناسرێتەوە.
ئەمشەو کاریگەری ئەو شەپۆلە ناجێگیرەی کەشوهەوا کۆتایی دێت
بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕو، ئەمشەو کاریگەری ئەو شەپۆلە ناجێگیرەی کەشوهەوا کۆتایی دێت و سبەی هەینی پێشبینی دەکرێت ئاسمانی هەرێمی کوردستان ساماڵ و پەڵەهەوربێت.
لە پایزدا پێشبینی دەکرێت بارانبارین لە ئاست تێكڕای ساڵانی رابردو بێت
باسی لەوەشکرد، بۆ پێشبینیکردنی بارانبارینیش لە وەرزی پایز و زستانی ئەمساڵدا، نەخشەی بارانبارین بۆ وەرزی پایز لە 23ی ئەیلولەوە لەلایەن شارەزایانی بوارەکە کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام بەگشتی ئەم وەرزە تا ڕادەیەک بارانبارینی ناوبەناو دەبێت و تێكڕای بارانبارینیش پێشبینی دەکرێت لە ئاست تێكڕای ساڵانی رابردو بێت، هەروەها گۆڕانکاری ساڵانە لە نەخشەی بارانبارین لەکۆتایی ئەمساڵدا دەردەکەوێت و لەو کاتەدا دەتوانرێت بزانرێت ساڵەکە لەڕوی ئاستی بارانبارین بەراورد بە ساڵانی رابردو چۆن بوە.