ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی مسته‌فا كازمی و ئیمانوێڵ ماكرۆن بڵاوكرایه‌وه‌

11:50 - 21/09/2022

2305جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ نیویۆرك له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فڕه‌نسا كۆبۆوه‌ و باسیان له‌چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سیاسی ئێستا و هه‌وڵه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنی دۆخی عێراق كرد، به‌جۆرێك ده‌ستور بكرێته‌ بنه‌ما بۆ تێپه‌ڕاندنی كێشه‌كان.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ چوارچێوه‌ی كۆبونه‌وه‌ دو قۆڵییه‌كانیدا له‌ په‌راوێزی به‌شداریكردنی له‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان كه‌ له‌ نیویۆرك، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ مسته‌فا كازمی له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن كۆبۆوه‌.

باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵاتی دۆست كرا

له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردو وڵاتی دۆست و رێگاكانی په‌ره‌پێدانیان له‌ بوار و ئاسته‌ جیاوازه‌كاندا كرا، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك پرس و دۆسیه‌ی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش تاوتوێكران.

باس له‌ ئاسۆی هاوكاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردو وڵات كرا له‌ بواره‌كانی ئاسایش و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ ئاسۆی هاوكاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردو وڵات كرا له‌ بواره‌كانی ئاسایش و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزكردنی هاوكاری ئابوری له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ پێش هه‌مویانه‌وه‌ له‌بواره‌كانی وزه‌ و وه‌به‌رهێنان.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پێویستی ئاماده‌كاری بۆ به‌ڕێوه‌چونی كۆنفڕانسی به‌غدا 2 بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی كرا

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پێویستی ئاماده‌كاری بۆ به‌ڕێوه‌چونی كۆنفڕانسی به‌غدا 2 بۆ هاوكاری و هاوبه‌شی كرا، هه‌روه‌ها رۆڵی دیار و به‌رچاوی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌دا و هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاسایش له‌ رێگه‌ی سیاسه‌تی هێوربونه‌وه‌ و لێكنزیكبونه‌وه‌ی بۆچونه‌كان به‌رزنرخێندرا به‌ شێوازێك كه‌ سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كه‌ و ئاوه‌دانی گه‌له‌كانی زیاتر بكات. 

گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی كازمی كرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سیاسی ئێستا

هه‌روه‌ها له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی كازمی كرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی سیاسی ئێستا و ده‌ستپێشخه‌ری دیالۆگی نیشتمانی، سه‌رۆكی فڕه‌نسا پشتیوانی خۆی بۆ ده‌ربڕی و جه‌ختیكرده‌وه‌، له‌سه‌ر پێویستی هاندانی هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق بۆ گفتوگۆ له‌ناوخۆدا و چاره‌سه‌ری پرۆسه‌ی سیاسی و ره‌چاوكردنی ده‌ستور.

نیشانەکردن

عێراق فڕه‌نسا