راپرسیه‌ك "زۆرترین هه‌ستی نه‌رێنی و كه‌مترین ئه‌رێنی" له‌ 122 وڵات ده‌رده‌خات

09:52 - 21/09/2022

2280جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

ژماره‌یه‌ك وڵاتی عه‌ره‌بی له‌ راپرسییه‌كدا كه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی "گالوپ"ی ئه‌مریكی بۆ توێژینه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ له‌ڕیزبه‌ندی 10 وڵاتی جیهاندان كه‌ به‌ده‌ست "هه‌ستی نه‌رێنی"ه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، عێراقیش له‌دوای ئه‌فغانستان و لوبنانه‌وه‌، له‌پله‌ی سێیه‌مدایه‌ كه‌ زۆرترین هاوڵاتی هه‌ستی نه‌رێنیان هه‌یه‌ بۆ ژیان.

به‌گوێره‌ی راپرسیه‌كی تایبه‌ت به‌ هه‌ست و سۆز كه‌ له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ی گالوبی ئه‌مریكیه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ بۆ ساڵی 2022، نزیكه‌ی 127 هه‌زار كه‌سی ته‌مه‌ن 15 ساڵ و سه‌روتر له‌ 122 وڵاتی به‌شداریان تێداكردوه‌، پرۆسه‌ی راپرسیه‌كه‌ش له‌ مانگی (ئازار/3)ی ساڵی رابردو تا ئه‌مساڵ جێبه‌جێكراوه‌. 

 ئه‌فغانستان له‌ پێشه‌نگی لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ داناوه‌ كه‌ "كه‌مترین هه‌ستی ئه‌رێنی"یان هه‌یه‌
ڕاپرسییه‌كه‌ چه‌ند خاڵێكی له‌خۆگرتبو، له‌وانه‌ پرسیار بۆ به‌شداربوان، چ ڕوبه‌ڕو بێت یان له‌ ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ستی ئه‌رێنی یان هه‌ستی نه‌رێنی و فشار له‌سه‌ر به‌شداربوان هه‌یه‌؟، ئه‌فغانستان له‌ پێشه‌نگی لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ داناوه‌ كه‌ "كه‌مترین هه‌ستی ئه‌رێنی"یان هه‌یه‌، له‌ دوای ئه‌ویش لوبنان، پاشان عێراق، توركیا، میسر، نیپاڵ، تونس، ئوردن، به‌نگلادیش، جه‌زائیر و ئۆكرانیا دێن.
سه‌باره‌ت به‌و وڵاتانه‌ی كه‌ باشترین هه‌ستی ئه‌رێنییان هه‌یه‌، وڵاتی په‌نه‌ما له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا هات 
سه‌باره‌ت به‌و وڵاتانه‌ی كه‌ باشترین هه‌ستی ئه‌رێنییان هه‌یه‌، وڵاتی په‌نه‌ما له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا هات و دواتر ئیندۆنیسیا و ئۆرۆگوای دێن.
سه‌باره‌ت به‌ زۆرترین هه‌ستی نه‌رێنی، ئه‌فغانستان له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا دێت، دوای ئه‌ویش لوبنان و پاشان عێراق
سه‌باره‌ت به‌ زۆرترین هه‌ستی نه‌رێنی، ئه‌فغانستان له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا دێت، دوای ئه‌ویش لوبنان و پاشان عێراق، دواتریش هه‌ریه‌ك له‌ وڵاتانی سیرالیۆن، ئوردن، توركیا، به‌نگلادیش، ئیكوادۆر، گینیا و بێنین دێن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كازاخستان كه‌مترین هه‌ستی نه‌رێنی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا هه‌بوه‌، دوای ئه‌ویش تایوان و كۆسۆڤۆ له‌ پله‌ی دوه‌م و سێیه‌مدا دێن.
رێژه‌ی فشار و ناخۆشی و توڕه‌یی و دڵه‌ڕاوكێ و ئازار كه‌ رۆژانه‌ مرۆڤ هه‌ستی پێده‌كات زیادیكردوه‌
به‌پێی راپرسییه‌كه‌ ساڵی 2021 ئه‌و ساڵه‌ بوه‌ كه‌ زۆرترین هه‌ستی نه‌رێنی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا هه‌بوه‌ به‌راورد به‌ ساڵانی دیكه‌، به‌و پێیه‌ی رێژه‌ی فشار و ناخۆشی و توڕه‌یی و دڵه‌ڕاوكێ و ئازار كه‌ رۆژانه‌ مرۆڤ هه‌ستی پێده‌كات زیادیكردوه‌.

ئه‌م راپرسییه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه‌ شه‌ڕ و هه‌ڵاوسان و سه‌رهه‌ڵدانی په‌تای كۆرۆنا كه‌ جیهانی خراپتر كرد، له‌ راپرسییه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ زۆر شت هه‌یه‌ دڵی مرۆڤه‌كان ناخۆش ده‌كه‌ن، به‌ڵام هۆكارگه‌لێك هه‌ن كه‌ زۆرترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ره‌، له‌وانه‌ هه‌ژاری، كۆمه‌ڵگه‌ خراپه‌كان، برسێتی و ته‌نیایی.

نیشانەکردن

عێراق جیهان