هەواڵی ئەمڕۆ

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح: مانگی داهاتو گرفتی گه‌وره‌ بۆ موچه‌خۆرانی سلێمانی دروستده‌بێت

08:26 - 21/09/2022

5242جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هاوشێوه‌ی لوبنان پاره‌ له‌بانكه‌كانی سلێمانی نه‌ماوه‌ و له‌مانگی داهاتوه‌وه‌ گرفتی گه‌وره‌ بۆ موچه‌ی به‌شێك له‌ موچه‌خۆران دروستده‌بێت و ده‌شڵێت، "كوردستان له‌ لێواری له‌تبون و دابه‌شبوندایه‌، له‌ سنوری سلێمانی 873 پرۆژه‌ به‌یه‌كجاری وه‌ستاون، 981 به‌ڵێنده‌ر و بازرگان ئیفلاسیان كردوه‌".

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌ به‌بڕی چوار ملیار دینار زه‌وی فرۆشراوه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی بكرێت به‌خزمه‌تگوزاری پاره‌كه‌ی بردراوه‌ و بۆ موچه‌ به‌كارهێندراوه‌،  جگه‌ له‌وه‌ش پاره‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانیش بردراوه‌ كه‌ یه‌كێك مۆڵه‌تی پرۆژه‌یه‌ك وه‌رده‌گرێت، به‌شێك له‌ تێچوی پرۆژه‌كه‌ له‌ بانك داده‌نێت، هه‌روه‌ها پاره‌ی خه‌ڵك كه‌ له‌بانكه‌كان دایان ناوه‌ ئه‌وه‌ش بردراوه‌.

ئێستا له‌بانكه‌كانی سلێمانی پاره‌ نه‌ماوه‌ وه‌كو لوبنان
وتیشی، "ئێستا له‌بانكه‌كانی سلێمانی پاره‌ نه‌ماوه‌ وه‌كو لوبنان، به‌مه‌ش له‌مانگی ئاینده‌وه‌ كێشه‌ بۆ موچه‌خۆران دروستده‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌مو پرۆژه‌كان راگیراون، 300 ملیار دیناریش كورتهێنان هه‌یه‌ و ناتوانن موچه‌ بده‌ن، چونكه‌ پێشتر به‌وه‌ پڕیانكردوه‌ته‌وه‌ پاره‌ی شێرپه‌نجه‌ و وه‌به‌رهێنه‌ران و زه‌وی شاره‌وانی و پاره‌ی خه‌ڵكیان له‌بانكه‌كان ده‌رهێناوه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و پارانه‌ش نه‌ماون".
له‌ مانگی داهاتوه‌وه‌ گرفتی گه‌وره‌ بۆ موچه‌خۆران دروستده‌بێت
باسی له‌وه‌شكرد، "له‌ مانگی داهاتوه‌وه‌ گرفتی گه‌وره‌ بۆ موچه‌خۆران دروستده‌بێت، داهاتی سلێمانی خۆی ناگاته‌ 70 ملیار دینار، له‌كاتێكدا بۆ موچه‌ 97 ملیار و نیویان پێویسته‌، بۆ نه‌سریه‌ش هه‌مو مانگێك 40 ملیار، بۆیه‌ ئه‌م دو ئیداره‌یی و بێ ئیداره‌ییه‌ كه‌ كه‌س قسه‌ی له‌سه‌ر ناكات كوردستان به‌ره‌و له‌تبون و كێشه‌ ده‌بات، به‌هه‌موان ده‌ڵێین، هه‌رێمی كوردستان له‌ له‌تبوندایه‌ و ناكرێت به‌شێكی كوردستان مانگی داهاتو موچه‌ وه‌ربگرێت و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی وه‌رینه‌گرێت". 
له‌ سنوری سلێمانی 873 پرۆژه‌ به‌یه‌كجاری وه‌ستاون، 981 به‌ڵێنده‌ر و بازرگان ئیفلاسیان كردوه‌
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ده‌شڵێت، "له‌ سنوری سلێمانی 873 پرۆژه‌ به‌یه‌كجاری وه‌ستاون، 981 به‌ڵێنده‌ر و بازرگان ئیفلاسیان كردوه‌ و هه‌یانه‌ خۆی كوشتوه‌، هیچ ئاسۆیه‌كیش نیه‌ بۆ چاره‌سه‌ر، بۆیه‌ ده‌بێت بزانین ئیشی نوێنه‌رانی سلێمانی له‌حكومه‌ت و سه‌رۆكی حكومه‌ت چیه‌، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌س سه‌رره‌ۆكی هه‌ولێر و دهۆكه‌ با به‌فه‌رمی رایبگه‌یه‌نێت".

نیشانەکردن

موچە