خەندان دوایین زانیاری لەبارەی دەستبەکاربونی لیوای 20ـی پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە

08:18 - 21/09/2022

6267جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

لەچوارچێوەی فراوانکردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچە کێشەلەسەرەکان، ماوەی ساڵێکە لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاربو لیوایەکی پێشمەرگە بخرێتەسەر میلاكی وەزارەتی بەرگری فیدڕاڵ  بەڵام تائێستاش بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە، بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێن، چاوەڕێی  وەڵامی بەغدان و هەمو ئامادەکارییەکان تەواوبون، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتودا لیواکە دەستبەکاردەبێت.

 تەنها تەرخانکردنی بودجە و جێگیرکردنی پلەی دامەزراندنی سەربازەکان ماوە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە خەندان-ی راگەیاند، سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی دو لیوای هاوبەش لەگەڵ سوپای عێراق لە وەزارەتی پێشمەرگە تەواوکراون و رەوانەی بەغدا کراون، لە بەغداش وەزارەتی بەرگری عێراق رێکارەکانی تەواو کردوە و دەستبەکاربونیان تەنها تەرخانکردنی بودجە و جێگیرکردنی پلەی دامەزراندنی سەربازەکان ماوە.
 دڵنیاییان داوە رێکارەکان لەکۆتایی نزیکبونەتەوە
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم کاتەدا چاوەڕێن وەزارەتی بەرگری و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەماوەیەکی زۆر نزیکی داهاتودا بڕیاری دەستبەکاربونی لیوا هاوبەشەکان بدەن، بەرپرسانی سەربازی عێراقیش دڵنیاییان داوە رێکارەکان لەکۆتایی نزیکبونەتەوە.
پەسەندنەکردنی یاسای بودجە هۆکاری دواکەوتنی دەستبەکاربونی لیواکەیە
سەرچاوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕو، پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بودجە، راگرتنی کۆبونەوەکانی پەرلەمان و بەردەوامی قەیرانی سیاسی، لە دیارترین هۆکارەکانی دواکەوتنی دەستبەکاربونی هەردو لیوا هاوبەشەکەیە کە ژمارەیان نزیکەی 7000 سەربازە و نیوەیان لە هێزی پێشمەرگە دەبن.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی 10 لیواکان دەستبەکاربن
پەیوەست بەم بابەتەش کەریم شکور، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، پرسی دەستبەکاربونی لیوا هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەرکی وەزارەتی بەرگری و حکومەتی فیدڕاڵە و لیژنەکەیان ناتوانێت دەستوەردان لەو پرسەدا بکات، بەڵام بە وتەی بەرپرسانی لیژنەی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی (تشرینی یەکەم/10) لیواکان دەستبەکاربن.
بەردەوام دەبین لە بەدواداچون بۆ دەستبەکاربونی لیوا هاوبەشەکان
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام دەبێت لە بەدواداچون بۆ دەستبەکاربونی لیوا هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.
پرسی دەستبەکاربونی ئەو لیوایانە پەیوەست نیە بە یاسای بودجەوە 
پەیوەست بە کاریگەری نەبونی یاسای بودجەش لەسەر دەستبەکارنەبونی لیوا هاوبەشەکان، کەریم شکور وتی، پرسی دەستبەکاربونی ئەو لیوایانە پەیوەست نیە بە یاسای بودجەوە و پێشوتر بودجەیان بۆ تەرخانکراوە، بۆیە وەک ئەوەی لە بەرپرسانی بەغدا و هەولێر گوێیان لێبوە لە کۆتایی مانگی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی (تشرینی یەکەم/10) لیواکان دەستبەکار دەبن.
 بڕیاردراوە بە گواستنەوەی راژە و میلاکاتی لیوای 20ی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق
بەگوێرەی بڕیارێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە 20ی تشرینی یەکەمی 2021 دەرچوە و واژۆی مستەفا کازمی لەسەرە هاتوە، بەگوێرەی مادەی 78  لە دەستوری عێراقی بڕیاردراوە بە گواستنەوەی راژە و میلاکاتی لیوای 20ی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی بەرگری عێراق، بۆیە وەزارەتی بەرگری راسپێردراوە بە گرتنەبەری سەرجەم رێکارەکانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە لەوانەش تەرخانکردنی بودجە و پلەی سەربازی بۆ ئەو پێکهاتە سەربازییە نوێیە.
لیوای 20ی پێشمەرگە لەگەڵ لیوایەکی دیکەی سوپای عێراق تەواو بەحكومەتی فیدڕاڵەوە گرێدەدرێن
هەروەک لەبڕیارەکەدا هاتوە، لیوای 20ی پێشمەرگە لەگەڵ لیوایەکی دیکەی سوپای عێراق تەواو بەحكومەتی فیدڕاڵەوە گرێدەدرێن، ئەوەش بەئامانجی پاراستنی ئاسایشی ناوچە کێشەلەسەرەکان و پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی لەو ناوچانەدا.