بایدن: پوتن بە ئەنجامدانی راپرسی ساختە، دەیەوێت خاکی ئۆکرانیا بخاتەسەر خاکی روسیا

06:26 - 21/09/2022

1867جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

 

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، داگیرکردنی خاکی هەر وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە رەتدەکاتەوە چونکە پێشێلکردنی یاسای نەتەوە یەکگرتوەکانە و دەبێت هەموان هەوڵ بدەن کێشەی نێوان وڵاتان چارەسەر بکەن، لەبارەی شەڕی ئۆکرانیاش دەڵێت، "پوتن بە ئەنجامدانی راپرسی ساختە، دەیەوێت خاکی ئۆکرانیا بخاتەسەر خاکی روسیا".

نابێت وڵاتانی گەورە، وڵاتانی بچوک داگیر بکەن

جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ لە بەردەم کۆبونەوەی لوتکەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "داگیرکردنی هەر وڵاتێک لەلایەن وڵاتێکی دیکەوە رەتدەکەمەوە و  نابێت وڵاتانی گەورە، وڵاتانی بچوک داگیر بکەن، بۆیە پێویستە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان وڵاتان بدەین".

هەمو هاوکارییەکی کیێڤ دەکەین بەتایبەت لەبواری مرۆیی

ئەوەشی خستەڕو، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕی ئۆکرانیایە و لەئێستاشدا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم دەکات، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا کە هێرشی سەر ئۆکرانیا پێشێلی یاسای نەتەوە یەکگرتوەکانە بەڵام پوتن "بە ئەنجامدانی راپرسی ساختە، دەیەوێت خاکی ئۆکرانیا بخاتەسەر خاکی روسیا، بۆیە واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کار بۆ راگرتنی داگیرکاری ئۆکرانیا دەکات و هەمو هاوکارییەکی کیێڤیش دەکەین بەتایبەت لەبواری مرۆیی".

پشتیوانی لە زیادکردنی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەکەین 

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا وتی، "چەندین دەیەیە کار بۆ دیموکراسی دەکەین و نابێت دیموکراسی لە جیهاندا پێشێل بکرێت"، پەیوەست بە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشیش ئاشکرایکرد کە "پشتیوانی لە زیادکردنی ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی" دەکات.

گۆڕانی کەشوهەوا کێشەی هەمو وڵاتانە و هەموان تیایدا زیانمەند دەبن

لەبارەی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەواش بایدن باسی لەوەکرد، "ئێمە کارمان لەسەر کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان کردوە، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا کێشەی هەمو وڵاتانە و هەموان تیایدا زیانمەند دەبن"، بۆیە داوای لە وڵاتان کرد پابەندییەکانیان بەرامبەر ژینگە جێبەجێ بکەن.