سەرۆک وەزیرانی عێراق و لوبنان: کێشە سیاسییەکان لەرێگەی دیالۆگ یەکلایی بکرێنەوە

05:43 - 21/09/2022

979جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

سەرۆک وەزیرانی عێراق و لوبنان لە نیویۆرک کۆبونەوە و رایانگەیاند، هەردولا جەخت لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و بەیروت دەکەنەوە، داواش دەکەن کێشە سیاسییەکانی ناوچەکە لەرێگەی دیالۆگ و  زمانی لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکرێن.

 پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و بەیروت و ژمارەیەک دۆسیەی جێگەی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کراون

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە پەراوێزی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە نیویۆرک، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی لوبنان کۆبوەوە، لەکۆبونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و بەیروت و ژمارەیەک دۆسیەی جێگەی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کراون.

سوپاسی عێراقی کردوە بۆ هاوکارییەکان لەو قەیرانە داراییەی روبەڕوی بەیروت بوەتەوە

ئەوەش هاتوە، لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات کراوەتەوە، هەروەها سەرۆک وەزیرانی لوبنان سوپاسی عێراقی کردوە بۆ هاوکارییەکان لەو قەیرانە داراییەی روبەڕوی بەیروت بوەتەوە.

لەبواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و وتاری توندڕەوی هاوکاری یەکتری دەکەین 

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ و هێورکردنەوە دۆخەکە کراوەتەوە بۆ قەیرانە هەرێمایەتییەکان لەگەڵ زاڵکردنی زمانی لێکتێگەیشتن بۆ بۆ چارەسەری کێشەکان، هەروەها جەختکراوەتەوە لەسەر گرنگی هاوکاری و هەماهەنگی دو لایەنە لەبواری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و وتاری توندڕەوی.

نیشانەکردن

عێراق لوبنان