یه‌كه‌مین كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا پاش بڕیاره‌كه‌ی ڤلادیمیر پوتن

01:40 - 21/09/2022

6719جار خوێندراوەتەوە

جیلیان كیگن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا

خه‌ندان-

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی روسیا زیادكردن و ئاڵۆزكردنی بارودۆخه‌كه‌یه‌ و پێویسته‌ روسیا دان به‌خۆدابگرێت و هه‌نگاوی هه‌ڵه‌ نه‌نێت، ده‌شڵێت، "بڕیاره‌كه‌ پوتن سه‌لمێنه‌ری شكستی روسیایه‌".

جیلیان كیگن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی ڤلادیمیر پوتن، سه‌رۆكی روسیا هێنده‌ی تر بارودۆخه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات و ئه‌م جه‌نگه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی دیكه‌ هه‌نگاوده‌نێت.

نابێت روسیا بارودۆخه‌كه‌ له‌مه‌ ئاڵۆزتر بكات
وتیشی، "ئه‌م هه‌نگاوه‌ی روسیا هێنده‌ی دیكه‌ پشتگیرییه‌كانمان بۆ ئۆكرانیا زیاتر و زیاتر ده‌كات و هیواش ده‌خوازین روسیا دانبه‌خۆیدا بگرێت و له‌مه‌ی ئێستا زیاتر بارودۆخه‌كان ئاڵۆزتر نه‌كات".
بڕیاره‌كه‌ پوتن سه‌لمێنه‌ری شكستی روسیایه‌
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "بڕیارێكی له‌وشێوه‌یه‌ دژ به‌و داتایانه‌ی روسیایه‌ كه‌ بڵاوكردونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ بڕایارێكی وه‌ها بۆ زیادكردنی هێزه‌كانی له‌ ئۆكرانیا شكستی هێزه‌كانی روسیا و پوتنه‌ له‌م جه‌نگه‌دا ده‌سه‌لمێنێت".
لێدوانه‌كانی پوتن زیادكردنی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانه‌
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "لێدوانه‌كانی پوتن جێگای دڵڕاوكێن و به‌شێوه‌یه‌كی گشتیش ئه‌وه‌ی روسیا ده‌یكات زیادكردنی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانه‌ و به‌م هه‌نگاوه‌ی هێنده‌ی دیكه‌ گۆمه‌كه‌ لێڵتر ده‌كات".
له‌م بارودۆخه‌ پڕئاسته‌نگییه‌دا پشتگیری خۆمان بۆ ئۆكرانیا دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌
له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، رۆوبرت هایك، جێگری راوێژكاری ئه‌ڵمانیا و وه‌زیری ئابوری رایگه‌یاند، لێدوانه‌كانی پوتن به‌شێوه‌كی نادروستانه‌ تێكدانی زیاتری بارودۆخه‌كانه‌، وتیشی، "له‌م بارودۆخه‌ پڕئاسته‌نگییه‌دا پشتگیری خۆمان بۆ ئۆكرانیا دوپاتده‌كه‌ینه‌وه‌".