پارتی و یه‌كێتی به‌جیا دو "وه‌ره‌قه‌" له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق ئاماده‌ده‌كه‌ن

10:29 - 21/09/2022

2999جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌ریه‌كه‌یان  "وه‌ره‌قه‌"یه‌ك له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق ئاماده‌كردوه‌، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش له‌ په‌رله‌مانی عێراقیش ده‌ڵێت، "پێویسته‌ هه‌ردو حزب له‌سه‌ر مه‌هامه‌كانی حكومه‌تی عێراق رێكبكه‌ون، ئه‌گه‌ر وه‌ره‌قه‌یه‌كی هاوبه‌ش ئاماده‌بكه‌ن ئه‌وا كورد قازانج ده‌كات".

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی خه‌ندان، پارتی و یه‌كێتی هه‌ریه‌كه‌یان به‌ جیا "وه‌ره‌قه‌یه‌ك"یان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئاماده‌كردوه‌، كه‌ پرسی نه‌وت، بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پێشمه‌رگه‌، ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و به‌ركه‌وته‌یان له‌ كابینه‌كه‌ له‌خۆگرتوه‌. 

هه‌ردو حزب چه‌ندین كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و ده‌ڵێن، ده‌یانه‌وێت هه‌ڵوێسته‌كانیان یه‌كبخه‌ن
ئاماده‌كردنی دو "وه‌ره‌قه‌" له‌لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه‌ له‌باره‌ی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له‌كاتێكدایه‌ هه‌ردو حزب چه‌ندین كۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و ده‌ڵێن، ده‌یانه‌وێت هه‌ڵوێسته‌كانیان یه‌كبخه‌ن.
محه‌مه‌د حه‌لبوسی خۆی ده‌شارێته‌وه‌
هه‌رێم كه‌مال ئاغا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیش له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، "بڕیاربو رۆژی 22ی (ئه‌یلول9) په‌رله‌مانی عێراق كۆببێته‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار واژۆیان كردوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌كان، به‌ڵام محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان خۆی ده‌شارێته‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كه‌ین له‌ هه‌فته‌ی داهاتودا كۆبونه‌وه‌كان ده‌ستپێبكرێته‌وه‌".
 ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌شگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وا هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتو كاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌ستپێبكرێته‌وه‌
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌پێی زانیاریه‌كانی ئێمه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌شگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وا هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتو (27ی ئه‌یلول) كاره‌كانی په‌رله‌مان ده‌ستپێبكرێته‌وه‌ و ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ی كه‌ هه‌ن ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت".

په‌یوه‌ست به‌ كۆبونه‌وه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی وتی، "تا ئێستا كۆبونه‌وه‌كانی نێوان هه‌ردولا باش بون و قۆناغی باشی بڕیوه‌ و ئه‌و لیژنانه‌ی كه‌ پێكهاتون راپۆرتی خۆیان به‌رزكردوه‌ته‌وه‌".
پێویسته‌ هه‌ردو حزب له‌سه‌ر شكل و شێواز و مه‌هامه‌كانی حكومه‌تی عێراق رێكبكه‌ون
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، "پێویسته‌ هه‌ردو حزب له‌سه‌ر شكل و شێواز و مه‌هامه‌كانی حكومه‌تی عێراق رێكبكه‌ون و ئه‌گه‌ر به‌وجۆره‌ بێت و وه‌ره‌قه‌یه‌كی هاوبه‌ش ئاماده‌بكه‌ن ئه‌وا كورد قازانج ده‌كات و كارێكی باشه‌، به‌ڵام ده‌زانم دیدی هاوبه‌ش هه‌یه‌ كه‌ خۆی له‌ چه‌ندین دۆسیه‌ی گرنگ بۆ كوردستان ده‌بینێته‌وه‌ و داواكاریه‌كانی كورد زۆر نزیكن و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوردا".

نیشانەکردن

پارتی یەکێتی