زلێنسكی: سازش لەسەر بستێك خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین

08:53 - 21/09/2022

1866جار خوێندراوەتەوە

ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا

خه‌ندان-

سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، بیروبۆچون و هه‌ڵویسته‌كانیان له‌باره‌ی وڵاته‌كه‌یانه‌وه‌ چه‌قبه‌ستون و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست و په‌نجه‌ له‌ به‌رامبه‌ر له‌ده‌ستدانی بستێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌یان نه‌رم ناكه‌ن  ده‌شڵێت، "ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كاریگه‌ری له‌سه‌ر بۆچونه‌كانمان ناگۆڕێت".

به‌پێی ئاژانسی TASSی روسی، ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی، سه‌رۆكی ئۆكرانیا ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێكی رایگه‌یاندوه‌،  ئه‌و بانگه‌واز و راگه‌یه‌ندراوانه‌ی باس له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێست و ئامانجه‌كانی كیێڤ ناكات.

به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر بستێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین
وتیشی، "بۆچون و هه‌ڵوێست و هه‌روه‌ها بیروڕاكانیشمان له‌باره‌ی وڵاته‌كه‌مانه‌وه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر بستێك له‌ خاكی وڵاته‌كه‌مان ناكه‌ین و ئه‌وه‌شی لێره‌ و له‌وێ بڵاوده‌كرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئازادكردنی ته‌واوی خاكی وڵاته‌كه‌مان نابێت".
هه‌ڵوێسته‌كانمان ته‌واو رون و ئاشكران
سه‌رۆكی ئۆكرانیا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هه‌ڵوێسته‌كانمان ته‌واو رون و ئاشكران و هه‌روه‌ها ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌شمانه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی تیشكیان ده‌خینه‌سه‌ر، ئامانجی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ته‌واوی وڵاته‌كه‌مان چی ده‌گوزه‌رێت، نه‌وه‌ك چی ده‌وترێت و له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ش ته‌واوی هاوپه‌یمانه‌كانمان پشتگیریمانن".
له‌گه‌ڵ وه‌رزی زستاندا پێویسته‌ هاوكارییه‌كانمان زیاتر و زیاتر بكرێن 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی زستاندا پێویستمان به‌ هاوكاری زیاتره‌ و چه‌ندین جاریش ئه‌وه‌مان بۆ هاوپه‌یمانه‌كانمان رونكردوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ هاوكاری پێشكه‌ش به‌ سوپای وڵاته‌كه‌مان، هێزه‌ تایبه‌ته‌كان، هێزه‌ ئاسمانییه‌كان و ته‌واوی كه‌تیبه‌كانی پارێزگاری كردن له‌ سه‌روه‌ری و ئازادی و یه‌كپارچه‌یی خاكی وڵاتكه‌مان بكرێت".

ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆكی ئۆكرانیا له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر دێنس پۆشێڵن، سه‌رۆك و رابه‌ری كۆماری گه‌لی دنێتسك رایگه‌یاندبو، 23 بۆ 27 ئه‌م مانگه‌ پڕۆسه‌ی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كۆماره‌كه‌یان بۆ بون به‌ به‌شێك له‌خاكی روسیا ئه‌نجامده‌ده‌ن و پاش راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانیش سوپای روسیا پارێزگاری له‌ سنوره‌كانی ئه‌و كۆماره‌ نوێیه‌یان ده‌كات.