لە دوبز داعش هێرش دەکاتەسەر خاڵێکی سەربازی سوپای عێراق

12:03 - 21/09/2022

1691جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەمشەو گروپی چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر خاڵێکی سەربازی سوپای عێراق لە سنوری قەزای دوبزی سەر بە پارێزگای كەركوك، تائێستاش شانەی راگەیاندنی جەنگی لەبارەی هێرشەکە زانیاری بڵاونەکردوەتەوە.

تائێستاش شەڕ بەردەوامی هەیە

بەگوێرەی زانیارییەکان کەمێک لەمەوبەر گروپی چەکدارانی داعش لە سنوری قەزای دوبز هێرشیانکردوەتەسەر خاڵێکی سەربازی سوپای عێراق و تائێستاش شەڕ بەردەوامی هەیە، لەبارەی ئەو روداوەش فەرماندە ئەمنییەکانی سنورەکە سەرەڕای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەبارەی وردەکاری هێرشەکە بڵاونەکردوەتەوە.

لە روبەڕوبونەوەکەدا کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش برینداربون

لەلایەکی دیکەشەوە ئەمشەو گروپی چەکدارانی داعش هێرشیانکردوەتەسەر گوندی شروین لە باکوری رۆژهەڵاتی دیالە، هێزەکانی حەشدی شەعبیش وەڵامی هێرشەکەیان داوەتەوە و بەگوێرەی راگەیەنراوی دەستەی حەشدی شەعبی لە روبەڕوبونەوەکەدا کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش برینداربون.

داعش لەچەند ناوچەیەکدا  جموجۆڵەکانی زیادکردوە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندوە

لەعێراق ماوەی چەندین مانگە جموجۆڵی چەکدارانی داعش زیادیکردوە بەتایبەت لە سنوری ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسانی پێشمەرگەش دەڵێن بەهۆی نەبونی هەماهەنگیی هێزە ئەمنییەکان و بونی بۆشایی ئەمنی، داعش لەچەند ناوچەیەکدا  جموجۆڵەکانی زیادکردوە و زیانی بە هێزە ئەمنییەکان گەیاندوە، ئەوە جگە لەوەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە روبەڕوی مەترسی بونەتەوە.

نیشانەکردن

عێراق داعش کەرکوک