خەندان-
حاكم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی رایگەیاند، پێویستە حكومەت كار لەسەر ڕێكخستنەوەی سیستمی باج بكات بەجۆرێك لە بەرژەوەندی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتییان، پیشەوەران و كاسپكاراندا بێت.
ئەركی حكومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیرییە ھاوكار و پاڵپشتی سینەماو سینەماكاران بن
حاكم قادر حەمەجان ئەمڕۆ لە میانی بەسەركردنەوەی ماڵێك بۆ سینەماكاران ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەركی حكومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیرییە ھاوكار و پاڵپشتی سینەماو سینەماكاران و ھونەرمەندان بـن، لە ھەر پرۆژەیەكدا كە پێشكەشی دەكەن بۆ بەرەوپێشچونی سینەما، شانۆ و كلتوری ڕەسەنی نەتەوەكەمان بە گشتی، چونكە ھەر دەسەڵاتێك ھونەری فەرامۆش كرد ناتوانێ خزمەت بە خەڵك بكات".
حكومەت كار لەسەر ڕێكخستنەوەی سیستمی باج بكات
ئاماژەی بەوەشکردوە، "گرنگە پێداچونهوه لە وهرگرتنی باج بكرێت و بهشێوهیهکی دادپهروهرانە لە سەرجەم كۆمپانیاكان وەربگیرێت، ھەروەھا حكومەت كار لەسەر ڕێكخستنەوەی سیستمی باج بكات بەجۆرێك لە بەرژەوەندی ھاوڵاتیان و پیشەوەران و كاسپكاراندا بێت".
پێویستە سیاسەتێكی شەفاف لە داهاتی نەوت و سەرجەم داھاتەكانی تر پەیڕەو بكرێت
پەیوەست بە كێشەی دابەشكردنی موچەش حاكم قادر ئەوەی خستوەتەڕو، "ئەركی حكومەتی هەرێم باشتركردنی بژێوی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانەو پێویستە سیاسەتێكی شەفاف لە داهاتی نەوت و سەرجەم داھاتەكانی تر پەیڕەو بكات، تا لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە كێشەی دابەشكردنی موچەو بەرەوپێشچونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە سەرجەم پارێزگاكان و یەكە كارگێڕیەكان چارەسەر ببێت".
