ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی دەستی کار لە کەرتی تایبەت چەند بڕیارێکی دەرکرد

07:41 - 20/09/2022

2763جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوەوە و ڕێکخستنی دەستی کار لە کەرتی تایبەت و گرنگیدان بە دەستی کاری خۆماڵی تاوتوێ کرد، سەرۆک وەزیرانیش لەکۆبونەوەکەدا رایگەیاند، پێویستە حکومەت هەمو ئاسانکارییەک و هەماهەنگییەک بکات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی کوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و  هانی خاوەنکارانی کوردستانیش دەدەن کە گەنجانی کوردستان لە پێشینەی وەرگرتنی دەستی کاری کۆمپانیاکان بن

 ڕێکخستنی دەستی کار و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەت تاوتوێکرا 

ئەمڕۆ سێشەممە 20ی ئەیلول، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، لە راگەیەنراوی کۆبونەوەکەدا هاتوە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوە، بریتی بو لە گفتوگۆکردن دەربارەی بەدواداچونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی ڕێکخستنی دەستی کار و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەت بۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانە و گرنگیدان بە دەستی کاری خۆماڵی، لە ڕێگەی تەرخانکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دەرفەتەکانی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی.

پێویستە حکومەت هەمو ئاسانکارییەک  و هەماهەنگییەک بکات بۆ یارمەتیدانی گەنجان

ئەوەش هاتوە، سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەت هەمو ئاسانکارییەک  و هەماهەنگییەک بکات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی کوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت، هەروەک لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا جێگیرکراوە، لەم ڕوەوە، حكومەت هانی خاوەنکارانی کوردستان دەدات کە گەنجانی کوردستان لە پێشینەی وەرگرتنی دەستی کاری کۆمپانیاکان بن و پابەندبن بە بڕیاری حکومەت سەبارەت بەوەی کە دەبێ بە لایەنی کەم ڕێژەی %70 دەستی کاریان، خەڵکی هەرێمی کوردستان بن،  بە پێچەوانەوە، دەبێ ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. هەروەها پێویستە میکانیزمی پێویستیش هەبێت بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان و دامەزراندنی ناوەندی کار لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحیەکان کە ببێتە ناوەندی بەیەکگەیاندنی داواکارانی کار و خاوەنکارەکان.

پەرلەمانی کوردستان، پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای نوێی کار

پەیوەست بەم بابەتەش جێگری سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە گرنگی ئامار و زانیاريیەکان و هەبونی داتا سەنتەر و ناوەندی دۆزینەوەی کار كردوە تا ئاسانکاریی بکرێت بۆ دابینکردنی هەلی کار، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە داواکرا پەرلەمانی کوردستان، پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای نوێی کار، کە ستراتیجێکی نوێی داڕشتوە بۆ پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار . هەروەها پەلە بکرێت لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە قۆناغی باشی بڕیوە و بە جێبەجێکردنی ئەم دو یاسایە، چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ و هاوچەرخ دێتە ئارا بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندیی کرێکاران و پاراستنی و دابینکردنی ئیمتیازات و مافەکانیان، بە تایبەتی بۆ خانەنشینان. لەهەمانکاتدا برەودان بە کەرتی تایبەت و گەشەپێدانی ئابوریی.

پرسی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم دەڵێت، لەکۆبونەوەکەدا ئاماژە بە ڕێنمایی نوێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کرا، کە ڕەشنوسەکەی لە لایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایەڕو، کە ئامانج لێی، ڕێکخستنەوەی هێزی کاریی بیانیيە لە هەرێم، بەجۆرێک لە خزمەتی بازاڕی کار بێت و لەهەمانکاتیشدا ئەولەویەت بۆ هاوڵاتیانی هەرێم بێ لە دەرفەتەکانی ڕەخساو بۆ کار و مافی ئەو کرێکارە بیانیانەی لە هەرێم کاردەکەن بپارێزێت لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. ئەنجومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕێنماییەکان بە ڕەچاوکردنی ئەو تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانە ڕو، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لە بەر ڕۆشنایی  هەمو ئەو تێبینی و ڕاسپاردانەی بۆ ئەنجومەن خرانەڕو، دوبارە پێداچونەوە بە بابەتی دەستی کار بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ بڕیار لە سەردانی لە کۆبونەوەکانی داهاتوی ئەنجومەن.  

پەیڕەوی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستی پەسەندکرا 

ئەوەش هاتوە، لە بڕگەی دوەمدا، وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئەرک ومافەکانی نەخۆش ژمارە 4 ساڵی 2020 ڕەشنوسی پەیڕەوی تایبەت بە ( پێکهاتە و ئەرکەکانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی ) لە لایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕو،  کە تایبەتە بە دانانی ڕێسا و ڕێکاری نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵەی پزیشکی (لە نەخۆشخانە گشتیەکان بێت یان نەخۆشخانە تایبەتەکان) لە دەرەنجامی کەمتەرخەمیی پیشەییان یان نەبونی شارەزایی یان پشتگوێخستنی نەخۆش، بە جۆرێک کە ناگونجێن لە گەڵ ڕێساکانی پیادەکردنی پیشەی پزیشکی و چارەسەرکردن و لە ئەنجامدا، بوەتە هۆی زیان گەیاندن بە نەخۆش یان کەمئەندامبون یان گیان لەدەستدانیان، ئەنجومەنی وەزیرانیش لەدوای خستنەڕوی چەندین تێبینی و پێشنیار، پەیڕەوەکەی پەسەند کرد.

لەکۆبونەوەی داهاتوی ئەنجومەندا ڕەشنوسی یاسای دەزگای خۆراک و دەرمان پەسەند دەکرێت 

لە بڕگەی کۆتایی کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، باس لە ڕەشنوسی ( یاسای دەزگای خۆراک و دەرمان لە هەرێمی کوردستان) کراوە کە بەشێکی "گرنگە لە پرۆسەی چاکسازیکردن لە بواری تەندروستی و دەرمان و خۆراک ، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتوە. تا ئێستاش چەندین کۆبونەوەی  تایبەت کراوە بۆ ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنوسی یاساکە و پێکهاتەکانی دەزگاکە. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە کۆبونەوەی داهاتو، بە وردی و زیاتر گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنوسەکە بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی".

نیشانەکردن

حکومەتی هەرێم