پارێزگاری سلێمانی لەبارەی تاپۆکردنی خانویەک لەسەر هاوڵاتییەک رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

07:09 - 20/09/2022

4358جار خوێندراوەتەوە

خەندان-

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی تۆمەتبارکردنی بە تاپۆکردنی موڵکێکی حکومی لەسەر هاوڵاتییەک رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پارێزگار دەسەڵاتی تاپۆکردنی هیچ موڵکێکی نیە و ئەو موڵکەش بەگوێرەی ڕێنمایی تەملیككردنی خانوە حكومییەكانی ساڵی (2004) سەرجەم رێکارە یاساییەکانی بڕیوە و ڕۆژی (29/11/2021) داواکارییەکە لەلایەن لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانوە حكومییەكان پەسەندكراوە، بۆیە ئەو دۆسیەیە هیچ پەیوەندیی بە پارێزگاری ئێستای سلێمانییەوە نییە.

بابه‌ته‌كه‌ كێشه‌ی یاسایی تیادانیه‌

ئەمڕۆ خەندان راپۆرتێکی لەسەر ئەو دۆسیەیە بڵاوکردەوە، کە به‌ نوسراوێك له‌ شاری سلێمانی خانویه‌ك له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی تاپۆكراوه‌ ته‌نها به‌ ملیۆنێك و 393 هه‌زار دینار، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی باجه‌كان و خانوبه‌ره‌ی میریش ده‌ڵێت، بابه‌ته‌كه‌ "كێشه‌ی یاسایی تیادانیه‌" و له‌ ساڵی 1998ه‌وه‌ لیژنه‌ی بۆ پێكهێنراوه‌، ئه‌و خانوه‌ پێشتر ئه‌و كه‌سه‌ی تیابوه‌ و سودمه‌ندنه‌بوه‌ له‌ هیچ زه‌وی و خانویه‌كی دیكه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ پێیدراوه‌ و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران خه‌مڵاندنی بۆ كردوه‌.

دورین و دوردەبین لە هەر كارێكی نایاسایی و هەر بەرژەوەندییەكی تایبەتیی

پەیوەست بەم بابەتەش ئەمڕۆ سێشەممە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردوە، هەوڵدەدرێت پارێزگاری سلێمانی "بئاڵێننە ئەو كارە نایاسایی و ناكارگێڕیی و ناڕەواو چەتەگەرییانەی، كە وڵاتەكەی تێدا نغرۆكراوە، ئێمە هەمو هاوڵاتیانی خۆشەویست دڵنیادەكەینەوە، كە ئێمە دورین و دوردەبین لە هەر كارێكی نایاسایی و هەر بەرژەوەندییەكی تایبەتیی و حیزبیی و، هەر زیادكردنێكی شاراوەو ئاشكرای بازرگانیكردن بە: داوا ڕەواكانی خەڵك، دەنگ، ڕەنگ، سەنگ، خوێن، ئیرادە، تێكۆشان، هەڵوێست و بڕیاریانەوە."

داواکارییەکی بۆ تاپۆکردنی موڵکەکەی پێشکەش بە دەستەی چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی خانوبەرە کردوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو موڵکەی کە باس دەکرێت بەناوی (رەوف مەلیك موزەفەر) لە پاشماوەی خانوی ئەمنەكانی سەردەمی ڕژێمی ڕوخاو بوە، كە لە ڕاپەڕینەوە كەوتنە دەست خەڵكی سلێمانی، ناوبراو تیایدا نیشتەجێ‌ بوە و لە ساڵی 2010دا داواکارییەکی بۆ تاپۆکردنی موڵکەکەی پێشکەش بە دەستەی چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی خانوبەرە کردوە.

داواکارییەکە خراوەتە بەردەم لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانوە حكومییەكان

پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، دوای گرتنەبەری سەرجەم رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، داواکارییەکە خراوەتە بەردەم لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانوە حكومییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكات بە ئەندامێتیی هەریەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تۆماركردنی خانوبەرە، باجەكان و خانوبەرەی میری، كارگێڕی و خۆیەتیی وەزارەتی ناوخۆ، ئەوانیش لە (29/11/2021) داواکارییەکەیان پەسەندکردوە.

داواكاری گشتیی لەپێناوی دەرخستنی ڕاستییەكان ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر

ئەوەشی خستوەتەڕو، "لێرەوە داوا لە فەرمانگەی داواكاری گشتیی پارێزگای سلێمانی دەكەین، كە لەپێناوی دەرخستنی ڕاستییەكان و ئاراستەكردنی ئەوكەسانەی ئارامیی خەڵك و ئاسایش و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و متمانەی دامەزراوە دەوڵەتییەكان و نەزمی گشتیی دەخەنە ژێر مەترسییەوە، ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێتەبەرو، پارێزگای سلێمانیش ئامادەیە وەك هەمیشە نوسراو و بەڵگەو بڕیارەكان بخاتە بەردەست و ئامادەین بۆ هەر لێپرسینەوەیەك."

 

دەقی رونکردنەوەکەی پارێزگاری سلێمانی:

 

ڕونكردنەوەیەك بۆ ڕای گشتیی

(ئێمە؛ نە خەمڵاندنمان کردووە، نە تاپۆمانکردووە، تەنها یاساییانەو کارگێڕییانە؛ وەڵامی پرسیاری لیژنەی باڵای تەملیککردنی خانووە حکومییەکانمان داوەتەوە)

لەم ماوەیەدا یەك، دوو؛ پەرلەمانتاری پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بێبەڵگەو ناڕەوایانە، دەیانەوێت پارێزگاری سلێمانی ئێستا، كە تەنها پارێزگاری كوردستان و عیراقە لەڕێی دەنگی ڕەوای خەڵكەوە هەڵبژێردراوەو؛ كار بۆ خزمەت، نەك دەسكەوت، بۆ حكومەتی هاووڵاتیی، نەك حیزبیی؛ دەكات، لەبەردەم ڕای گشتیدا بئاڵێننە ئەو كارە نایاسایی و ناكارگێڕیی و ناڕەواو چەتەگەرییانەی، كە وڵاتەكەی تێدا نغرۆكراوە، هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دڵنیادەكەینەوە، كە ئێمە دورین و دوردەبین لە هەر كارێكی نایاسایی و هەر بەرژەوەندییەكی تایبەتیی و حیزبیی و، هەر زیادكردنێكی شاراوەو ئاشكرای بازرگانیكردن بە: داوا ڕەواكانی خەڵك و دەنگ و ڕەنگ و سەنگ و خوێن و ئیرادەو تێكۆشان و هەڵوێست و بڕیاریانەوە.

لە هەوڵێكی تری لەم جۆرەدا، پارێزگاری سلێمانی ئێستا تاوانباردەكەن بە؛ تاپۆكردنی موڵكێكی پارێزگای سلێمانی، لەسەر بەڕێز (رەوف مەلیك موزەفەر)، لێرەوە بەهەموو لایەكی ڕادەگەیەنین:

1) ئەم موڵكە؛ لە پاشماوەی خانووی ئەمنەكانی سەردەمی ڕژێمی ڕوخاو بووە، كە لە ڕاپەڕینەوە كەوتنە دەست خەڵكی تێكۆشەرو ڕاپەڕیوی سلێمانی، ناوبراو تیایدا نیشتەجێ‌ بووەو دواتر ئەم موڵکە لە ١٤ی شوباتی ٢٠١٠دا، تۆمارکراوە بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، بەپێی بڕیاری  ژمارە (١٩٦)ی ڕۆژی ١٤ی شوباتی ٢٠١٠ ی دەستەی چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی خانووبەرەوە. 

لە (30/8/2010)وە بەڕەسمیی داوا لە پارێزگاری ئەوكاتەی سلێمانی كراوە، كە ئەم موڵكە بەكرێ‌ تەرخان بكات بۆ نیشتەجێی خانووەكە بەڕێز (ملازمی یەك/ رەوف مەلیك موزەفەر) تا بەپێی ڕێنمایی ژمارە (5224) لە (26/3/2008)دا كرێی مانگانەی لێوەربگیرێت. پارێزگاری ئەوكاتەی سلێمانی بە فەرمانی كارگێڕییان بە ژمارە (28/1/4118) لە (14/2/2011)دا فەرمانی تەرخانكردنی بەكرێ؛‌ داوە. 

2) ئەم هاووڵاتییە وەك هەر هاووڵاتییەكی نیشتەجێی خانوو و موڵكە حكومییەكان، هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ تاپۆكردنی ئەم موڵكە لەسەرخۆی و هەموو ڕێكارێكی یاسایی و كارگێڕیی گرتۆتەبەر و دۆسیەیەكی زیاترلە (600) لاپەڕەیی ئەم بابەتە لە بەشی موڵكایەتیی پارێزگامان پارێزراوە، لەگەڵ ئەوەی نە خۆی و نە خێزانی سودمەند نەبوون لە وەرگرتنی هیچ موڵكێكی نیشتەجێبوون، بەڵام هەمیشە داواكە لەلایەن پارێزگامان و بەڕێوەبەرێتیی خانووبەرەی میری سلێمانییەوە ڕەتكراوەتەوە، چونكە خاوەندارێتییەكەی لە (2010)وە خراوەتە سەر پارێزگامان.

3) بۆ جاری كۆتایی ئەم داوایە خراوەتە بەردەم لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانووە حكومییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بەڕێز وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكات بە ئەندامێتیی هەریەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تۆماركردنی خانووبەرە، باجەكان و خانووبەرەی میری، كارگێڕی و خۆیەتیی وەزارەتی ناوخۆ، بە نوسراویان ژمارە (5053)ی (8/12/2020) وەك هەموو ئەوشوێنانەی ئەم نووسراوەیان بۆ ڕۆشتووە، داوایان لێكردووین ئایا ناوبراوی ناو ئەم نوسراوەو نیشتەجێی ئەم موڵكە، یان خێزانەكەی سودمەندبوون لە وەرگرتنی موڵكی حكومیی یان نا؟ ئێمەیش نووسراومان كردووە بۆ هەموو فەرمانگاو یەكە كارگێڕییە پەیوەندیدارەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و بەنوسراوی فەرمیی، هەموویان وەڵامیان داوینەتەوە كە سودمەندنەبوون و ئەم وەڵامەو هاوپێچەكانیمان، ئاراستەی لیژنەی باڵای تەملیككردن كردووە، بەپێی یاساو ڕێنماییەكان؛ بێ‌ ئەوەی داوای تەملیككردن یان ڕەزامەندیی تەملیككردنیمان دابێت.

٤) بەهیچ جۆرێك پارێزگاری سلێمانی دەسەڵاتی تاپۆكردنی زەوی و موڵك و ماڵی نییە، ئەم موڵکە بەپێی بڕیاری ژمارە (48)ی ڕۆژی (29/11/2021)ی لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانووە حكومییەكان؛ بڕیاری تەملیككردنی بۆدراوەو تەنها وێنە دراوە بە پارێزگای سلێمانی بۆ ئاگاداری و بەپێی یاسا لیژنەی باڵا لایەنی بڕیاردەرە لە هەر بابەتێكی لەم شێوەیەدا.

٥) خەمڵاندنی ئەم موڵكە بەپێی ڕێنمایی تەملیككردنی خانووە حكومییەكانی ساڵی (2004) كراوە، لە ڕۆژی (14/6/2011)دا بە واژۆی سەرۆكی لیژنەی فەرعی تەملیككردنی خانووە حكومییەكانەوە ئەو بڕە دیاریكراوەو بە نوسراوی ژمارە (14955) لە (14/6/2011)دا بەفەرمیی ئاراستەی لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانووە حكومییەكان كراوەو لە بڕیاری ژمارە (48)ی ڕۆژی (29/11/2021) لەلایەن لیژنەی باڵاوە پەسەندكراوەو هیچ پەیوەندیی بە پارێزگاری ئێستای سلێمانییەوە نییە.

پارێزگامان بەفەرمیی ڕێكاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەركەس و لایەنێك دەگرێتەبەر، كە بەبێ‌ بەڵگە هەوڵی دروستكردنی تۆمەت و ناوزڕاندنی پارێزگار یان هەر بەڕێوەبەرو فەرمانبەرێكی دەوڵەتیی، یان لەكەداركردنی ئەم دامەزراوە هەڵبژێردراوە بدات.

لێرەوە داوا لە فەرمانگەی داواكاری گشتیی پارێزگای سلێمانی دەكەین، كە لەپێناوی دەرخستنی ڕاستییەكان و ئاراستەكردنی ئەوكەسانەی ئارامیی خەڵك و ئاسایش و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و متمانەی دامەزراوە دەوڵەتییەكان و نەزمی گشتیی دەخەنە ژێر مەترسییەوە، ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێتەبەرو، پارێزگای سلێمانیش ئامادەیە وەك هەمیشە نووسراو و بەڵگەو بڕیارەكان بخاتە بەردەست و ئامادەین بۆ هەر لێپرسینەوەیەك.

هەمیشە دەرگای پارێزگامان کراوەیە بۆ هەر کەس و پەرلەمانتارو دامەزراوەیەکی بەڕێز، کە بە خەمی بنکۆڵکردن و زانینی ڕاستییەکان و بەدواداچونی یاساییانەی هەر دۆسییەیەکەوە بێت، لە پێناوی لێرسینەوەو زانین و چاودێریکردن و وردبینیکردن و  چارەسەرکردن و ڕێگریکردن لە کاری نایاسایی و گەندەڵکاریدا، یەکەم دامەزراوەی جێبەجێکردنیش بوین کە هۆبەی زانیاریپێدانمان بەر لە هەموو شوێنەکانی تر کردۆتەوە.

لێرەدا؛ بەشێک لە دۆکۆمێنتە پێویستەکان دەخەینەڕوو.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢