خەندان-
بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی رایگەیاند، لە سبەی چوارشەممەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێرکاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک و لە ئەنجامیشدا شەپۆلێکی بارانبارینی هەڕەمەکی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ماوەی دو رۆژ بەردەوام دەبێت.
شەپۆلێکی تەپوتۆز و خۆڵ بە ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە کە ماوەی دو رۆژ دەخایەنێت
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە، بە خەندان-ی راگەیاند، لە سبەی چوارشەممەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک و بەوهۆیەش پلەکانی گەرما ڕو لە دابەزین دەکات، هەروەها خێرایی باش لەو ماوەیەدا زیاد دەکات و لە دەرئەنجامیشدا شەپۆلێکی تەپوتۆز و خۆڵ بە ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە کە ماوەی دو رۆژ دەخایەنێت.
زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەش کە ناوچەکە دەگرێتەوە، شەپۆلێکی بارانبارینی هەڕەمەکی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە، ئەوەش دۆخێکی سروشتییە و ساڵانە لە دەستپێکی وەرزی بارانباریندا شەپۆلی تەپوتۆز و خۆڵبارین و بارانبارینی هەڕەمەکی لەگەڵدایە، کە بڕەکەی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت کە زیاتریش لە ناوچە شاخاوییەکان باران دەبارێت.
رۆژی هەینی کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە
بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕو، شەپۆلی بارانبارینەکە کە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەبێت تا شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی بەردەوامی دەبێت و رۆژی هەینی کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە، هەروەها لە شەوی 23ی ئەم مانگەوە بەهۆی هاوسەنگی پایزەوە ماوەی شەو و رۆژ یەکسان دەبێت، لەو بەروارەشەوە ماوەی شەو درێژ و رۆژیش کورتر دەبێتەوە.