چین سه‌باره‌ت به‌ ناردنی هێز بۆ تایوان وه‌ڵامی توندی بایدن ده‌داته‌وه‌

09:23 - 19/09/2022

7465جار خوێندراوەتەوە

خه‌ندان-

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر لێدوانه‌كانی جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا نیشاندا سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌یی واشنتن بۆ یارمه‌تیدانی تایوان له‌ ئه‌گه‌ری هێرشێكدا و راشیگه‌یاند، "به‌رگه‌ی هیچ هه‌وڵێك ناگرین بۆ دابه‌شكردنی وڵاته‌كه‌مان".

ماو نینگ وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، "په‌كین به‌هۆی لێدوانه‌كانی جۆو بایدن سه‌باره‌ت به‌ تایوان ناڕه‌زایی توند و دژایه‌تی توندی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ده‌رده‌بڕێت، چین له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ناڕه‌زایی توندی ئاڕاسته‌ی واشنتن كردوه‌".

لێدوانه‌كانی لایه‌نه‌ ئه‌مریكیه‌ به‌ ئاشكرا پێشێلكردنی بنه‌مای یه‌كپارچه‌یی خاكی چینن

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، لێدوانه‌كانی لایه‌نه‌ ئه‌مریكیه‌ به‌ ئاشكرا پێشێلكردنی بنه‌مای یه‌كپارچه‌یی خاكی چین و بڕگه‌كانی سێی به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی چین و ئه‌مریكان، به‌ جددی پێشێلكردنی به‌ڵێنی گرنگی ئه‌مریكا بۆ پشتیوانی نه‌كردن له‌ سه‌ربه‌خۆیی تایوان، "ئاماژه‌ی درۆ بۆ هێزه‌ جیابوه‌كانی لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی ده‌نێرێت" له‌سه‌ر ئه‌و دورگه‌كه‌یه‌.

له‌ جیهاندا ته‌نها یه‌ك چین هه‌یه‌، تایوان به‌شێكه‌ له‌ چین

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی چین جه‌ختیكرده‌وه‌، وڵاته‌كه‌ی به‌رگه‌ی هه‌وڵه‌كانی دابه‌شكردن ناگرێت، هه‌روه‌ها مافی خۆیه‌تی هه‌مو رێوشوێنێكی پێویست بگرێته‌به‌ر، "له‌ جیهاندا ته‌نها یه‌ك چین هه‌یه‌، تایوان به‌شێكه‌ له‌ چین، حكومه‌تی كۆماری گه‌لی چین". تاكه‌ حكومه‌تی شه‌رعی چینه‌، ته‌حه‌مولی هیچ ڕێكارێكیش ناكه‌ن كه‌ ئامانج لێی دابه‌شكردنی وڵات بێت.

جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی CBC رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر چین هێرشی سه‌ربازی بكاته‌ سه‌ر تایوان، ئه‌وا هێزه‌كانمان وه‌ڵامیان ده‌بێت و به‌رگری له‌ تایوان ده‌كه‌ن و رێگه‌ ناده‌ین ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی هیچ وڵاتێكی دیكه‌ لەڕێگەی هێزەوە، زه‌وتبكرێت".

نیشانەکردن

چین ئه‌مریكا